سەردێڕ:

حکومەتی کاربەڕێکەر: داوا دەکەین بەغدا مووچەی دوو مانگی هێزە ئەمنییەکانمان بۆ بنێرێت

PM:05:44:10/07/2024

3472 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی پێنج و شەشی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمیان رادەستی بەغدا کردووە. دەشڵێت، "داوا لە بەغدا دەکەین مووچەی مانگی پێنج و شەشی هێزە ئەمنییەکانمان بۆ بنێرێت".


ئەمڕۆ چوارشەممە، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، وردبینیان لە لیستی مووچەی مانگی پێنج و شەشی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمدا کردووە و رادەستی بەغدایان کردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە ئێستادا چاوەڕوانی بەغدان، پارەی مووچەی مانگی پێنج و شەشی هێزە ئەمنییەکانیان بۆ بنێرێت.

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، نووسینگەى شۆڕش ئیسماعیل وەزیرى پێشمەرگەى هەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد، شاندێکی لیژنەی دارایی و چاودێریی دارایی عێراق ئەمڕۆ دەستی کردووە بە وردبینى لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکانى هەرێم.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، ئەو شاندە تایبەت دەبن بە هەڵسەنگاندنی ناوی هێزەکانی پێشمەرگە و بەراوردکردنی لیستی مووچەکانیان بەراورد بە سێ مانگی رابردوو، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی کە کراوە سێ مانگ جارێک لەلایەن لیژنەی چاودێری داراییەوە چاودێری و وردبینی گۆڕانکارییەکان دەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانى هەرێم لە ٩٣ رۆژى رابردوودا تەنها یەک مووچەیان وەرگرتووە و وەزارەتى دارایی عێراق رایگەیاند، حکومەتى کاربەرێکەر بە تەواوی و بێکەموکوڕی لیستى مووچەى ئەو هێزانەى ئامادە نەکردووە، بۆیە پێویستى بە وردبینى زیاتر هەیە.













گەلەری