سەردێڕ:

'ئەمڕۆ پارەی مووچە دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر'

PM:12:06:08/07/2024

49208 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، چاوەڕوانی پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمن و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەخرێتە سەر هەژماری بانکییان.


چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وردبینی لیستی مووچە تەواو بووە و بڕیاری ناردنی پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا چاوەڕوانی پارەی مووچەن و لە چەند کاتژمێرێکی داهاتوودا پارەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەخرێتە سەر هەژماریی بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر.

ئەو چاوگە باسی لەوەشکرد، هێشتا لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان گرفتی تێدایە و وردبینی لە لیستەکەدا دەکرێت و ئەو پارەیەی دەنێردرێت بۆ مووچە، مووچەی هێزە ئەمنییەکانی تێدا نییە.

دوێنێ دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەستیپێکرد، لەکاتێکدا لە عێراق، هەموو سەرەتای مانگێک مووچەکانیان بەسەردا دابەشدەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، مووچەخۆرانی هەرێم لە ناوەڕاستی مانگی حەوت نزیکدەبنەوە، هێشتا لیستی مووچەی مانگی شەش رانەگەیەنراوە. لەکاتێکدا هێزە ئەمنییەکانی هەرێم، هێشتا مووچەی مانگی پێنجیشیان وەرنەگرتووە و کۆتا مووچەش کە وەریان گرتووە، بەر لە جەژنی رەمەزان و بەشێکیان چەند رۆژێک دوای جەژنی رەمەزان بووە.

رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە، چاوگێکی بەرپرس لە بەغداوە بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، چاودێرى دارایی عێراق و وەزیرى دارایی وتویانە حکومەتى کاربەڕێکەر بەنادروستی لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمی ناردووە و بۆیە واژۆی ناردنی پارەکەیان نەکردووە. وتیشی، "لیستەکەمان رەوانەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە تاوەکو بڕیاری لەسەر بدات".

ئەوەش لەکاتێکدایە، پاش سێ هەفتە لە دواخستنی، رۆژی شەممە ٢٩ـی مانگی ٦ رابردوو، وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر لیستی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی رادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق کرد. لەکاتێکدا حکومەتی کاربەڕێکەر دەیتوانی بەر لە جەژنی قوربان واتە بەر لە ١٦ی ٦ لیستی مووچەی مووچەخۆران بنێرێت، تاوەکو پارەی مووچە بۆ هەرێم بنرێدرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت، بەڵام هەموو مانگێک پڕۆسەی ناردنی لیستی مووچە لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە بە خاوی بەڕێوەدەچێت.
هێرش قادر، هەولێر
هـ.ئـ













گەلەری