سەردێڕ:

تەنها ئەمڕۆ سێ رووداوی خنکان لە هەرێم روویانداوە؛ چیرۆکەکانیان چۆن بوون؟

PM:03:50:07/07/2024

5344 جار خوێندراوەتەوە

تەنها ئەمڕۆ لە هەرێم سێ رووداوی خنکان روویانداوە، کە هەریەکەیان چیرۆکێکی تراژیدیا لە پشت خنکانیانەوە هەیە.


یەکەم رووداویان بەیانی ئەمڕۆ بوو، لەکاتێکدا کوڕ و دایکێک پێکەوە لە داقوقەوە بەرێکەوتوون بۆ سلێمانی بە مەبەستی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی، ئۆتۆمبێلەکەیان کەوتووەتە ناو ئاوی داقوقەوە و بەهۆیەوە دایکەکە خنکا.

دایکەکە تەمەنی ٧٠ ساڵ بوو. کوڕەکەشی تەمەنی ٥٠ ساڵ بووە، کە بڕیاربوو مووچەی مانگی شەشی خانەنشینی بۆ دایکی وەربگرێت.

دووەم رووداو لە هاوینەهەواری بێخاڵ بووە، رەوەند هاودیانی وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، منداڵێکی کوڕی تەمەن دوو ساڵ لەناو ئامێزی باوکییەوە کەوتووەتە ناو ئاوی هاوینەهەوارەکە و خنکاوە.

باسی لەوەشکرد، هێشتا تەرمەکەی دیار نییە و تیمەکان و خانەوادەکەی بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا.

ئەو خێزانە دانیشتووی هەولێر بوون و بەمەبەستی گەشت و سەیران روویان لە هاوینەهەواری بێخاڵ کردبوو، بەڵام سەیرانەکەیان لێبوو بە ژان و نارینی تەمەن دوو ساڵیان لەدەستدا و نارین بووە یەکێک لە پەپولەکانی بەهەشت.

هەر ئەمڕۆ لە هەرێم گەنجێکی نیپاڵی لە ئاوی زێی گەورەدا خنکا، کە ئەوە سێیەم رووداوی خنکان بوو لەمڕۆدا.

میلان ماگارای ٣٥ ساڵ بە رەگەز نیپاڵی بوو، بەمەبەستی کار رووی لە هەرێم کردبوو و لە شاری هەولێر دادەنیشت، رۆژی هەینی رابردوو بۆ بەسەربردنی رۆژی پشووی هەفتەکەی رووی لە ئاوی زێی گەورەکردبوو بەمەبەستی راوەماسی، بێئاگا لەوەی ئەوە دەبێتە دوا گەشتی و ناگەڕێتەوە.

میلان لەکاتی راوەماسیدا کەوتووەتە ناو ئاوی زێی گەورەوە و بەهۆیەوە خنکاوە و گیانی لەدەستداوە. ئەو گەنجە نیپاڵییە، ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە.

رووداوەکانی خنکان لە ئاودا ساڵانە دەبنە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان کەس لە هەرێمدا، کە بەشێکی بۆ نەبوونی پلانی حکومەت بۆ رێگا و بان و سەلامەتی شوێنە گەشتیارییەکان دەگەڕێتەوە، بەشێکیشی بۆ هۆشیاری هاوڵاتییان خۆیان دەگەڕێتەوە، لەوەی چۆن خۆیان بپارێزن یاخود نەچنە ئەو شوێنانەی مەترسیدارن.
شکیران زێباری- ئامێدی
کەریم کەیفی- سۆران
ئومێد چۆمانی- هەولێر
هـ.ئـ













گەلەری