سەردێڕ:

سبەی پشووە؛ ئایا دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات؟

AM:11:04:06/07/2024

5780 جار خوێندراوەتەوە

سبەی بەهۆی سەری ساڵی کۆچییەوە لە هەرێم پشووە، هەفتەی رابردووش وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند لە رۆژی یەکشەممەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەش دەکەن؛ ئایا مووچە دابەشدەکرێت؟


بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی سبەی یەکشەممە، ٧ی ئەم مانگە پشووی فەرمییە لە هەرێم، بەڵام دەوامی سەرجەم ئەو بانکانە ئاسایی دەبێت کە ئەرکی دابەشکردنی مووچەیان لە ئەستۆیە.

بەو پێیەش، سبەی یەکشەممە، دابەشکردنی مووچەی مانگی شەش دەستپێدەکات و بەپێی ئەو خشتەیەی راگەیەنراوە بەردەوام دەبێت.

پێنجشەممەی رابردوو، وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، بڕی ٢٣١ ملیار و ٦٠٥ ملیۆن و ٥٣١ هەزار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خرایە سەر هەژمارەی وەزارەتی دارایی هەرێم.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕە پارەیەی خراوەتە سەر هەژماری وەزارەت بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و خانەنشینانی شارستانی و سەربازییە و رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو ٧ی ٧، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی ئەو توێژانە دەکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پاش سێ هەفتە لە دواخستنی، رۆژی شەممە ٢٩ـی حوزەیران، وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر لیستی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانیان رادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق کرد. لەکاتێکدا حکومەتی کاربەڕێکەر دەیتوانی بەر لە جەژنی قوربان واتە بەر لە ١٦ی مانگ لیستی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆران بنێرێت بۆ بەغدا، تاوەکو پارەی مووچە بۆ هەرێم بنرێدرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت، بەڵام هەموو مانگێک پڕۆسەی ناردنی لیستی مووچە لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە بە خاوی بەڕێوەدەچێت.













گەلەری