سەردێڕ:

بانکی فیدراڵیی ئەمریکا: پێشنیازی کەمکردنەوەی رێژەی سوودی دۆلار دەکەین

PM:05:20:02/07/2024

1640 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی ئابووری جیهان بەهۆی قەیرانی ٢٠٠٧-٢٠٠٩ کەوتە ژێر کاریگەری هەڵاوسانەوە، ئەمریکا ماوەی ١٤ ساڵە لەژێر کاریگەری هەڵاوسانی ئەو قەیرانەدا ماوەتەوە ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی بانکی فیدراڵی لەرێگای دەستی کارەوە بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بدات.


ئەمڕۆ سێشەممە، جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا لە کۆڕبەندی ئابووریی بانکی ناوەندی و بانکی ناوەندیی ئەوروپا رایگەیاند، داتاکانی پەیوەست بە بازاڕی کار لە ئەمریکا پاڵپشتی کەمکردنەوەی رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە بۆ ٢٪ دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئاراستەی داتاکان وا لەبانکەکە دەکات دەست بە کەمکردنەوەی زیاتری رێژەی سوودی بانکی بکەن. وتیشی، "لە ئێستادا قورسە بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بدەین، بەڵام بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکا بیر لە وادەیەکی دیاریکراو دەکەینەوە ".

لە لایەکی دیکەشەوە، کریستین لاگارد سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەوروپا رایگەیاند، ئەوان سەرکەوتووبوون لە کۆنتڕۆڵکردنی رێژەی هەڵاوسان لە ئەوروپا ئەوەش وایکردووە کە بە ئاسانی بتوانن رووبەرووی گۆڕانکارییە ئابوورییەکان ببەنەوە. وتیشی، "ئێمە پشت بە داتاکان دەبەستین بۆ بڕیاردان، نەوەک بۆ هەڵسووکەوتی داهاتووی بانکەکەمان".

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەشێکی زۆری بازرگانانی جیهان و بانکەکانی جیهان لەچاوەڕوانی کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی ئەمریکادا ماونەتەوە، بەهۆی ئەوەی راستەوخۆ کاریگەری دەخاتە سەر نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان.

لەو بارەیەشەوە شارەزایەکی بازاڕە داراییەکان و فۆرێکس بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئێستادا نرخی یەک ئۆنسە زێر لە بازارەکانی جیهان بە دوو هەزار و ٣٣٠ دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، لەگەڵ گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا نرخی ئەو کانزایە زیاتر بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام لە کۆتایی ساڵ نرخی زێر دەست بە دابەزین دەکاتەوە بۆ نرخی ئاسایی خۆی پێش رووداوەکانی ٧ـی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣بەهۆی دابەزینی رێژەی سوودی بانکی ئەمریکا.













گەلەری