سەردێڕ:

لەبارەی فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی؛ بانکی ناوەندی بڕیارێکی نوێی دەرکرد

PM:06:00:01/07/2024

3236 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق لە نوسراوێکدا مۆڵەت دەداتە هەر یەک لە بانکەکانی رەشید، رافیدەین، بانکی بازرگانیی عێراق، کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕکردنی دراو لە فڕۆکەخانەکاندا، لە ١٤ـی ٧ـەوە دۆلار بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندیی بە گەشتیاران بفرۆشن.


ئەمڕۆ دووشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق لە نوسراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە دوو هەفتەی داهاتوودا گەشتیاران دەتوانن بە نرخی فەرمی بانکەکە مامەڵە بە دۆلارەوە بکەن لە فڕۆکەخانەکاندا.

لە نوسراوەکەدا باس لەوەش کراوە، بڕیارەکە لە ١٤ـی ٧ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و گەشتیاران دەتوانن لەڕێگەی لقەکانی بانکی رەشید، رافیدەین، بانکی بازرگانیی عێراق TBI، کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕکردنی دراو لە فڕۆکەخانەکاندا، مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی دۆلار ئەنجام بدەن.

ئەوەش خراوەتە روو، بۆ ئەو مەبەستە مۆڵەت دراوەتە بانکی رەشید و رافیدەین لق لە فڕۆکەخانەکانی (بەغدا و بەسڕە و نەجەف) بکەنەوە، بانکی بازرگانیی عێراقیش لە فڕۆکەخانەکانی (بەغدا، نەجەف، بەسڕە، سلێمانی و هەولێر) لق بکەنەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، هەر کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕی دراو کە لقی لە فڕۆکەخانەکاندا نەبێت، تاوەکو ١١ـی ٧ دەتوانن مامەڵەکانیان بگوازنەوە سەر لقەکانی یەکێک لە بانکەکانی رەشید، رافیدەین و بانکی بازرگانیی عێراق یاخود بە هاوبەشی کاربکەن لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو بە ناوی ( رەیان، فنجان، ساما بەغدا، قەند) کە لە ئێستادا لقیان لە فڕۆکەخانەکاندا هەیە.













گەلەری