سەردێڕ:

سبەی بەغدا پارەی مووچە بۆ هەرێم دەنێرێت؟

PM:11:29:29/06/2024

68720 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەگەر لیستی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێم هیچ کێشەیەکی تێدا نەبێت ئەوا لە ٢٤ کاتژمێردا پارە بۆ هەرێم دەنێرن.


ئەمڕۆ شەممە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەدوای وردبینیکردنی لیستی مووچەی مانگی شەشی هەرێم لەلایەن بەشی وردبینی و ژمێریارییەوە، هاوکات نەبوونی گرفت و کەموکوڕی تێیدا دەست بە ناردنی پارە بۆ هەرێم دەکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر سبەینێش پارەی مووچە بۆ هەرێم نەنێردرێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە دوای ٤٨ کاتژمێر دەست بەناردنی پارە بۆ هەرێم دەکرێت بەو مەرجەی گرفت و کەموکوڕی لە لیستەکەدا نەبێت.

باسی لەوەش کرد، ئەگەر گرفت لەو لیستەدا هەبێت کە حکومەتی کاربەڕێکەر ناردویەتی یاخود رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی عێراقی بە تەواوی تێدا جێبەجێ نەکرابێت، ئەوا پارە بۆ هەرێم نانێرن.

هاوکات، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، بەوپێیەی ئەمجارە لیستەکە ناوی فەرمانبەرانی شارستانی و مەدەنیشی تێدایە، دەبێت پارەکە پێکەوە بنێردرێت واتە وەک مانگەکانی پێشوو نابێت مووچەی سەربازی یاخود هێزە ئەمنییەکان جیا بکرێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پاش سێ هەفتە لە دواخستنی، ئەمڕۆ ٢٩ـی حوزەیران وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمیان رادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق کردووە.

پێشتر، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندبوو، دوای گەیشتنی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ماوەیەکی کەمدا دەست دەکەن بە ناردنی پارەی پێویست، بەڵام هەموو مانگێک پڕۆسەی ناردنی لیستی مووچە لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە بە خاوی بەڕێوەدەچێت.


 













گەلەری