سەردێڕ:

دوو هەفتەیە بەغدا داواى لیستى مووچەى مانگى شەش دەکات؛ بەڵام هەرێم نەیناردووە

AM:09:39:25/06/2024

28168 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی نزیکەی دوو هەفتەیە بەغدا داوای لیستی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کردووە، بەڵام تا ئێستا حکومەتى کاربەڕێکەر لیستەکەی رەوانە نەکردووە. وەزارەتی دارایی عێراقیش دەڵێت، هەر کات لیستی مووچە گەیشتە دەستیان بۆ رۆژی دواتر پارەکە دەنێرن.


نزیکەی دوو هەفتەیە حکومەتى عێراق داواى لیستى مووچەى مانگى شەشى لە حکومەتى کاربەڕێکەر کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەرێم لیستەکەى نەناردووە.

وەزارەتی دارایی عێراقیش ئاماژەی بەوە کردووە، هەر کاتێک هەرێم لیستی مووچەی مانگی شەش رەوانە بکات، بۆ رۆژی دواتر پارەی مووچە رەوانەی هەرێم دەکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ١٥ـی ئەم مانگە، بەرپرسێکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە دوای تەواوبوونی پشووەکانی جەژن، ئامادەکاری خێرا دەکرێت بۆ ناردنی لیستی مووچەی مانگی شەش بۆ بەغدا و وەک مانگەکانی رابردوو نابێت. بەپێی وتەی ئەو بەرپرسە بڕیاربوو تاوەکو ناوەڕاست و کۆتایی ئەم هەفتەیە لیستەکە بنێردرێت.

نەناردنى لیستى مووچەى مانگى شەش لەکاتێکدایە، حکومەتى عێراق لە ٢٢ـی ئەم مانگەوە دەستى کردووە بە دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەران و کارمەندانى ئەمنى و سەربازى و بڕیارە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە مووچەى تەواوى مووچەخۆرانى حکومەتى عێراق دابەش بکرێت.

هاوکات، ئەگەر هەرێم مانگانە لە وادەی خۆیدا و بەو جۆرەی حکومەتی عێراق داوای کردووە، لیستی مووچەی مووچەخۆران رەوانە بکات ئەوا بەغدا پارەی مووچە دەنێرێت و بەوەش هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق، دەکرێت سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم مانگانە لە وادەی خۆیدا مووچەکانیان وەربگرن.













گەلەری