کالیسیۆم بە یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی جەستە دادەنرێت، چونکە ئەرکی جۆراوجۆری هەیە، پارێزگاری لە پێکهاتەی ئێسک و ددانەکان دەکات، بەرپرسە لە گرژبوونی ماسولکەکان و بەشدارە لە پڕۆسەی مەینبوونی خوێن.
پزیشک رۆمان ئیڤانۆف ئاماژە بەوە دەکات، کالیسیۆم پەستانی خوێن و ئاستی کۆلیسترۆڵیش رێکدەخات، ٩٩٪ـی کالیسیۆمی ناو جەستە لە ئێسک و ددانەکاندا هەیە و ١٪ـی دیکەش لە خوێندایە.
ئەو پزیشکە
ئاماژە بەوە دەکات، ئاستی کالیسیۆم لە خوێندا بەندە بە تەمەنی کەسەکەوە. بۆ نموونە
لە منداڵانی تازە لەدایکبوودا ١.٩-٢.٦ مۆل/لیترە، بۆ منداڵانی خوار تەمەنی ١٢ ساڵ
٢.٢-٢.٧ مۆل/لیتر، بۆ کچان و کوڕانی خوار تەمەنی ١٧ ساڵ ٢.١-٢.٧ مۆل/لیتر، بۆ پیاوان
و ئافرەتانی پێگەیشتووش ٢.١٥-٢.٥٥ مۆل/لیترە.
نیشانەکانی بەرزبوونەوەی
ئاستی کالیسیۆم لە خوێندا بریتین لە نەمانی ئارەزووی خواردن، ئازاری سک، بەردەوام
قەبزی و دروستبوونی برینی ناو گەدە و ریخۆڵەکان، هۆکارەکانی زۆرن و جۆراوجۆرن
ئەوانیش: تێکچوونی کارکردنی رژێنەکانی غودەی دەرەقی، نەخۆشی سیل، زۆر خواردنی ڤیتامین D، کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ
هەروەها رەنگە شێرپەنجە هۆکارەکەی بێت.
سەبارەت بە کەمی
کالیسیۆم، نیشانەکانی بریتین لە: لاوازی، ماندوێتی، سڕبوون، لاوازبوونی ماسولکەکان،
ناڕێکی لێدانی دڵ و گرژبوونی ماسولکەکان کە هەموو ئەمانە هۆکارەکەی کەمی ڤیتامین D و مەگنیسیۆمە لە جەستەدا، هەروەها لەکارکەوتنی
گورچیلە و هەوکردنی توندی پەنکریاس و نەخۆشییەکانی ڕیخۆڵە و نەخۆشی جگەر.
پزیشکەکە
ئەوەش دەخاتە روو، سەرچاوەی سەرەکی کالیسیۆم خۆراکەکانە وەک شیر و بەرهەمە شیرەمەنیەکان،
سەوزە، بەگشتی جەستە پێویستی بە هەزار میلیگرام کالیسیۆم هەیە لە رۆژێکدا کە بە نزیکەیی
یەکسانە بە لیترێک شیر یان ١٠٠ گرام پەنیر.
دەشڵێت، ئەگەر
کەسێک نەتوانێت قەرەبووی کەمی کالیسیۆم بکاتەوە لە رێگەی خۆراکەکانەوە، دەبێت تەواوکەری
خۆراکی بەپێی رێنمایی پزیشک بخوات، بۆ ئەوەی تووشی ئاڵۆزییەکان نەبێت، وەک
دروستبوونی بەردی گورچیلە.