سەردێڕ:

لە یەک مانگدا؛ یەدەگی زێڕی عێراق زیاتر لە سێ تۆن زیادی کردووە

PM:05:11:13/06/2024

3920 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی زێڕی جیهانی رایگەیاند، یەدەگی زێڕی عێراق زیادی کردووە و بە گشتی ١٤٥ تۆنی تێپەڕاندووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجوومەنی زێڕی جیهانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەگوێرەی دوایین داتاکان بۆ مانگی حوزەیران قەبارەی یەدەگی زێڕی عێراق گەیشتووەتە ١٤٥ تۆن و ٧٠٠ کیلۆ.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەراورد بە مانگی ئایاری رابردوو کە تێیدا یەدەگی زێڕی عێراق ١٤٢ تۆن و ٦٠٠ کیلۆ بوو، یەدەگی زێڕ لەم مانگەدا زیادی کردووە.

باس لەوەش کراوە، لە کۆی ١٠٠ وڵات عێراق دابەزیوە بۆ پلەی ٣١ـی ئەو وڵاتانەی کە خاوەنی زۆرترین یەدەگی زێڕن لە جیهاندا.

ئەوەش خراوەتە روو، ئەمریکا لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانەیە کە خاوەنی زۆرترین یەدەگی زێڕن لە جیهاندا، لەدوای ئەو ئەڵمانیا بە پلەی دووەم و پاشان ئیتاڵیا بە پلەی سێیەم دێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ١٤ـی ئایار سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لەماوەی مانگی شوباتی ئەمساڵدا یەدەگی زێڕی عێراق نزیکەی سێ تۆن زیادی کردووە و کۆی گشتی یەدەگی زێڕ گەیشتووەتە ١٤٥ تۆن و ٦٦١ کیلۆ.













گەلەری