سەردێڕ:

ماوەی سێ رۆژە خانەنشینانی سەربازی دەچنە بەردەم بانکەکان بەڵام مووچەکانیان پێ نادرێت

AM:11:41:11/06/2024

1800 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی سێ رۆژە خانەنشینانی سەربازی بە مەبەستی وەرگرتنی مووچەکانیان دەچنە بەردەم بانکەکان بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەکانیان پێ نەدراوە و دیاریش نییە کەی مووچەکانیان وەر دەگرن.


خانەنشینانی سەربازی باس لەوە دەکەن، سەرباری هاتنی پارە و کەمی بڕی مووچەکانیان ماوەی سێ رۆژە دەچنە بەردەم بانکەکان بەڵام مووچەکانیان پێ نادرێت.

ئاماژە بەوەش دەکەن، ماوەی چەندین ساڵە خزمەت دەکەن بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر بەو جۆرە پاداشتیان دەداتەوە و هەر رۆژە و بەبیانوێک مووچەکانیان پێ نادەن.

دەشڵێن، "سێ ڕۆژە پارە قەرزدەکەین و دێینە بەردەم بانکەکان نۆرەدەگرین بەڵام مووچەمان پێنادەن".

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لیستی مووچەی مانگی ئایاری بڵاوکردەوە و بەپێی لیستەکە لەمڕۆوە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران دەستی پێکردووە، بەڵام لە لیستەکەدا ناوی خانەنشینانی سەربازی تێدا نەبوو.

دواتر، وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، ناوی خانەنشینانی سەربازی لە لیستی مووچەدا نییە بەهۆی نەگەیشتنی پارەی مووچەکانیان لە بەغداوە، لە کاتێکدا لە ٦ـی مانگەوە وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندووە، مووچەی خانەنشینانی سەربازییان رەوانەی هەرێم کردووە.

 













گەلەری