سەردێڕ:

بۆ ئازادکردنی دیلەکانی؛ ئەمریکا رێککەوتن لەگەڵ حەماس دەکات

PM:04:55:10/06/2024

1408 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی هەواڵی ئەی بی سی ئەمریکی بڵاوی کردەوە، بەپێی وتەی چەند بەرپرسێکی ئەمریکا لە ئێستادا ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا بەنیازە رێککەوتنێکی تاک لایەنە بەبێ ئیسرائیل لەگەڵ حەماس ئەنجام بدات بۆ ئازادکردنی پێنج بارمتەی ئەمریکی لەلای حەماس.


ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی هەواڵی ئەی بی سی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکاوە رایگەیاند، کاربەدەستانی ئیدارەی جۆ بایدن باس لە دانوستان بۆ رێککەوتنی تاک لایەنە لەگەڵ حەماس دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، دانوستانەکان ئیسرائیل ناگرێتەوە، چونکە رێککەوتنەکە بۆ ئازادکردنی پێنج بارمتەی ئەمریکییە لەلای حەماس لە کەرتی غەززە.

ئەوەشی خستە روو، تاوەکو ئێستا دیار نیە حەماس چی داواکارییەکی دەبێت یاخود ئەمریکا چی پێشکەش بە حەماس دەکات لەبەرامبەر ئازادکردنی ئەو بارمتانە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل تاوەکو ئێستا نزیکەی ١٢٠ بارمتە لەلای حەماسە و لەسەرەتای جەنگیشەوە ٤٣ بارمتە گیانیان لەدەستداوە.

جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و ماوەی زیاتر لە هەشت مانگە جەنگەکە بەردەوامە، بەپێی دوایین ئامارەکانیش تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٣٧ هەزار کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٨٤ هەزار کەسیش بریندار بوون. هاوکات، بەپێی ئامارەکانی حکومەتی ئیسرائیل تاوەکو ئێستا هەزار و ١٣٩ کەس لە ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە و هەشت هەزار و ٧٣٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.













گەلەری