سەردێڕ:

بانکی ناوەندی عێراق گۆڕانکاری لە قەرزی نیشتمانیدا دەکات

PM:06:33:09/06/2024

7076 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی گۆڕانکاری و داڕشتنەوەی رێژەی سوودی بانکی و جۆری قەرزە نیشتمانییەکان، کە چەند جۆرە قەرزێکی نوێی بانکی ناوەندییە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی تایبەت و دەستی کار، پارێزگاری بانکی ناوەندی لەگەڵ نوێنەری رێکخراوی دارایی نێودەووڵەتی کۆبووەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، بانکی ناوەندی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، دوای ئەوەی سیستمی پێدانی قەرزی نیشتمانی هەهامەنگی لە گەشەپێدانی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی دارایی عێراق کرد، جارێکی دیکە سیستمی قەرز پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، بۆ ئەومەبەستەش عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی لەگەڵ نوێنەری ناوەندی دارایی IFC بانکی نێودەوڵەتی لەبارەی تاوتوێکردنی رێژەی سوودی بانکی سیستمی قەرز کۆبووەوە.

باس لەوەش کراوە، جگە لە IFC ، لەگەڵ ناوەندی دابینکردن و چاودێری قەرزی نێودەووڵەتی ESG کە تایبەتە بە جوڵەی دارایی و سیستمی قەرزدان و پلانی هەمەچەشنکردنی وەبەرهێنان، گفتوگۆی لەبارەی هەمەچەشنکردنی جۆرەکانی قەرزی نیشتمانییەوە کردووە.

ئەوەش خراوەتە روو، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، هەوڵەکانی بانکی نێودەوڵەتی بەرز نرخاندووە بۆ گەشەپێدان و دارشتنەوەی قەرزی پرۆژەبچوکەکان و گەشەپێدانی پرۆژە داراییەکانی عێراق. وتیشی، "بڕیارە هەردوو نوێنەرایەتییەکەی بانکی نێودەوڵەتی سەرپەرشتی دووبارە داڕشتنەوەی سیستمی قەرزی نیشتمانی بکەن".

سیستمی قەرزی نیشتمانی چییە؟

قەرزی نیشتمانی، جۆرێکی قەرزی نوێی بانکی ناوەندییە کە تایبەتە بە گەشەپێدانی کەرتی تایبەت و دەستی کار لە بازاڕەکانی ناوخۆدا و لەوبارەیەشەوە پێشتر پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، بانکی ناوەندی دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی ستراتیژی نیشتیمانی قەرزدانی بانکی بۆ ساڵانی ٢٠٢٤ تاوەکو ٢٠٢٩.

دەستپێشخەرییەکانی بانکی ناوەندی بۆ قەرزی خانووبەرە لەڕێگەی بانکی خانووبەرە و سندوقی نیشتەجێبوونی عێراق گەیشتووەتە نزیکەی ١١ ترلیۆن دینار.

بانکی ناوەندی لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا، لەڕێگەی فراوانکردنی چالاکییەکانی کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان کە بڕبڕەی پشتی ئابوورین لە وڵاتدا بەردەوام دەبێت لە هەمەچەشنکردنی دارایی عێراق.

ئەوەش لەکاتێکدایە، مەزهەر ساڵح، راوێژکاری ئابووریی و دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، عێراق هەوڵدەدات بۆ گۆڕانکاری لە سیستمی ئابووری، ژێرخانی داهاتی تاک بەرێژەی ٥٪ی ساڵانە لە رێگای پێدانی قەرزی بچوک بەرز بکاتەوە، بەتایبەت بۆ بەکارخستنی پڕۆژە بچوکەکان. بۆ ئەو مەبەستەش بانکەکان دەستیان بە پێدانی قەرزکردووە و بەردەوامیش دەبن لە پێدانی قەرزی نیشتمانی.













گەلەری