سەردێڕ:

ناتۆ: بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئۆکرانیا دەتوانێت هێرشبکاتە سەر پێگە سەربازییەکانی روسیا

PM:11:29:07/06/2024

2068 جار خوێندراوەتەوە

ئەمینداری گشتی ناتۆ رایگەیاند، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئۆکرانیا دەتوانێت هێرشبکاتە سەر پێگە سەربازییەکانی نێو خاکی روسیا، سەرۆکی روسیاش هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەکات لە ئەگەری ئەوەی کیێڤ ئەو جوڵەیە ئەنجام بدات.


ئەمڕۆ هەینی، یانس ستۆڵتنبێرگ ئەمینداری گشتی ناتۆ رایگەیاند، بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئۆکرانیا مافی ئەوەی هەیە هێرشبکاتە سەر ئامانجە سەربازییەکانی نێو روسیا بۆ پارێزگاریکردن لە خۆی.

پێشتر، ڤلادمیر پوتین سەرۆکی روسیا رایگەیاندبوو، ئەگەر وڵاتانی رۆژئاوا رێگە بدەن ئۆکرانیا بەبەکارهێنانی چەکی دوورمەودا هێرشبکاتە سەر ناوخۆی روسیا ئەوا سیستەمی مووشەکی لە نزیک سنووری ئەو وڵاتانە جێگیر دەکەن.

لایخۆشیەوە، ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا ئاماژەی بەوە کردووە، لە دوای چەند کاتژمێرێک لە وتەکانی ئەنتۆن بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر خاکی روسیا، هێزە ئۆکرانییەکان ناوچە نیشتەجێبوونەکانی بیلگۆردیان بە مووشەکی هیمارسی ئەمریکی بە ئامانج گرت.

لە ٢٤ـی شوباتی ٢٠٢٢، هێزەکانی رووسیا بە فەرمانی راستەوخۆی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا، هێرشیان بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەست پێکرد، تا ئێستاش جەنگەکە بەردەوامە و بەهۆیەوە هەزاران کەس لە هەردوولا گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون، هاوکات ناردنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا بەردەوامن.













گەلەری