سەردێڕ:

بانکی خانووبەرە: وەک یەکەم بانک دەست دەکەین بە وەرگرتنەوەی قەرزەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی

AM:09:04:02/06/2024

2004 جار خوێندراوەتەوە

بانکی خانووبەرەی عێراق رایگەیاند، کار لەسەر داڕشتنی پلانێکی نوێ بۆ بەدواداچوون بۆ وەرگرتنەوە و کۆکردنەوەی قەرزەکانی بانکەکە دەکەن. دەشڵێت، "دەست دەکەین بە کاراکردنی خزمەتگوزاری وەرگرتنەوەی قەرزی خانووبەرە بەشێوەی ئەلیکترۆنی".


ئەمڕۆ یەکشەممە، نوسینگەی راگەیاندنی بانکی خانووبەرەی عێراق راگەیانراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، سەبارەت بە میکانیزمەکانی پێدانی قەرز و وەرگرتنەوەی قەرزەکان، عەباس جەواهیری بەڕێوەبەری گشتی بانکەکە کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی لقەکانی بانکەکە و بەرپرسانی یەکە ناوەندییەکان لە ئیدارەی گشتی و بەرپرسانی وردبینی و ژمێریاران ئەنجام دا.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە کۆبوونەوەکەدا ئاستەنگەکانی بەردەم بانکەکە لە پێدانی قەرز و چۆنییەتی چارەسەرکردنی، هاوکات کارکردن لەسەر داڕشتنی پلانێکی نوێ بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ میکانیزمەکانی وەرگرتنەوە و کۆکردنەوەی قەرزەکان تاوتوێ کراوە.

باس لەوەش کراوە، بەڕێوەبەری بانکەکە دەستپێکردنی خزمەتگوزاری وەرگرتنەوەی قەرزی خانووبەرەی بەشێوەی ئەلیکترۆنی راگەیاند. وتیشی، "بەردەوام دەبین لە بەئەلکترۆنیکردنی سەرجەم کارەکانی دیکەی بانکەکە".

بەڕێوەبەری بانکەکە جەختی لەوەش کردەوە، بانکی خانووبەرە بە یەکەم بانکی عێراق دادەنرێت کە لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنی مۆبایلەوە خزمەتگوزاری وەرگرتنەوەی ئەلیکترۆنی دەست پێ دەکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٣١ـی ئایار بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، بڕیاریانداوە بە زیادکردنی بڕی سێ ترلیۆن دینار بۆ قەرزی خانووبەرە کە لەڕێگەی بانکی خانووبەرە و سندوقی نیشتەجێبوونی عێراق دەدرێت بە هاوڵاتییان.

ئەوەشی خستە روو، داوایان لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق کردووە پاڵپشتی بانکی خانووبەرە و سندوقی نیشتەجێبوونی عێراق بکەن بە تەرخانکردنی بڕە پارەیەکی ساڵانە لە چوارچێوەی بودجەی گشتی عێراق.













گەلەری