سەردێڕ:

نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا جێگیرە

AM:08:22:02/06/2024

812 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی و جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە نرخی نەوت دوای تێپەڕبوونی ٢١٧ رۆژ، بە جێگیری لە ٨١ دۆلاردا ماوەتەوە، لە ئێستاشدا نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە ٨١ دۆلار و ١١ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، جێگربوونی نرخی نەوت لە بەرزیدا، هۆکارەکەی گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەمبوونەوەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا و کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی وڵاتانی کۆمەڵەی ئۆپیک پڵەسە.

هاوکات، پاش ئەوەی دوێنی شەممە نرخی یەک بەرمیل نەوتی رۆژئاوای تێکساس بە رێژەی ٠.٩٢٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی، لە ئێستادا بە گوێرەی پێنوێنی جیهانی نەوت، یەک بەرمیل بە ٧٦ دۆلار و ٩٩ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئەو نرخانەی کە تایبەتن بە نەوتی برێنت و نەوتی تێکساس رێژەی گۆڕانکارییەکانی خواستی جیهان و بازاڕەکانە بۆ دەستڕاگەیشتن بە هەردوو جۆری نەوتەکە.

پێشبینیش دەکرێت بەهۆی درێژکردنەوەی ماوەی خۆبەخشی کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان نرخی نەوت دووبارە بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت.

بڕیاریشە ئەمڕۆ، ئەندامانى رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک پڵەس) بەشێوەى ئۆنلاین کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوتی رێکخراوەکە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ساڵى ٢٠٢٢ـەوەوە ناوبەناو رێکخراوى ئۆپێک پڵەس بڕیار لەسەر کەمکردنەوەى ناچاریی و خۆویستی بەرهەمهێنانى نەوت لەلایەن ئەندامانى رێکخراوەکەوە دا بۆ رێگرتن لە نزمبوونەوەى نرخى ئەو وزەیە.













گەلەری