سەردێڕ:

فرۆشی هەفتانەی بانکی ناوەندی بەردەوامە لە بەرزبوونەوە

PM:10:24:30/05/2024

1188 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی نزیکەی دوو مانگە بانکی ناوەندی بەردەوامە لە بەرزکردنەوەی ئاستی فرۆش و بەتێکڕاش بە رێژەی ٢٥٪ فرۆشی هەفتانە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، لەم هەفتەیەشدا زیاتر لە یەک ملیار و ٣٨٨ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی کاش و حەواڵە فرۆشتووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە گوێرەی خشتەی فرۆشی دراوی بیانی و بەتایبەت دۆلار لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بەمەبەستی دابینکردنی دۆلاری کاش بۆ گەشتیاران و حاجیانی ئەمساڵ و سەرجەم مامەڵەداراییەکانی دیکە بانکی ناوەندی بڕی یەک ملیار و ٣٨٨ ملیۆن و ٢٥١ هەزار و٦٧٥ دۆلاری فرۆشتووە.

فرۆشی دۆلاری کاش و حەواڵە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە تا ئێستا بە ١٣٢ هەزار دینار بەردەوامی هەیە، بەڵام بۆ گۆڕانکاری لە نرخی فەرمیدا بانکی ناوەندی راپۆرتێکی لەسەر ئاستی هەڵاوسان و نرخ و بەهای دیناری عێراق لە بودجەدا پێشکەشکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کردووە بۆ تاوتوێکردن و جێگیرکردنی ١٣٠ هەزار دینار وەک نرخی فەرمی.

لەوبارەیەشەوە، چاوگێکی ئاگادار لە بانکی ناوەندیی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە بودجەی ئەمساڵی عێراقدا نرخی فەرمی دۆلاریان بۆ ١٣٠ هەزار دینار دابەزاندووە و تەنها چاوەڕوانی رەزامەندی لیژنەی دارایی عێراقن.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەمساڵدا نرخی دۆلار بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی فرۆشی رۆژانە و هەفتانە و دابەزینی نرخی فەرمی دۆلار، ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەهاکەی لەدەستدەدات.

فرۆشی دوو هەفتەی رابردوو؛

تێکڕای فرۆشی هەفتانەی بانکی ناوەندی لە ١٢ بۆ ١٦ـی ئایاری ئەمساڵ، بڕی ملیارێک و ٣٨١ ملیۆن و ٨٧١ هەزار و ٣٣٨ دۆلار بووە، لەو بڕەش، ملیارێک و ٢٦٤ ملیۆن و ١٩٤ هەزار و ٣٤٢ دۆلاری بەشێوەی حەواڵە و ١٠٩ ملیۆن و ٦٧٦ هەزار و ٩٩٦ دۆلاری بەشێوەی کاش بووە.

فرۆشی بانکی ناوەندی لە رۆژی ١٩ بۆ٢٣ـی ئایاری ئەمساڵ؛

لەماوەی ئەو هەفتەیەدا بە تێكڕا لەلایەن گەشتیاران و بانکە رێگەپێدراوەکان و بانکەسزادراوەکانەوە داواکاری بۆ کڕینەوەی زیاتر لە یەک ملیار و ٣٧٧ ملیۆن دۆلار بە نرخی فەرمی پێشکەش کراوە. هاوکات یەکەمجاریشە فرۆشی کاش بگاتە ٢٠٤ ملیۆن دۆلار کە بەرێژەی ١٢٠٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.













گەلەری