سەردێڕ:

یەکێتى چەندین شوێنى پارکى ئازادی داگیرکردووە و کردوویەتى بە پڕۆژەى بازرگانى

PM:09:17:30/05/2024

2336 جار خوێندراوەتەوە

پارکى ئازادیش کەوتە بەر تەماحى حزبى دەسەڵاتدار، لە ١٠ شوێنەوە کە نۆیان دەکەونە سەر جادە سەرەکییەکانی تەنیشتی پارکەکە، یەکێتی پڕۆژەی بازرگانی بەناوی کافتریا و هۆڵی لەشجوانی و یاری و چەندین ناوی دیکە داگیر کردووە و کاری بازرگانی پێوە دەکات.


پارکی ئازادی؛ تاکە شوێنە سەوزە فراوانەکەی ناو سەنتەری شار، ئەویش کەوتە بەر رەحمەتی نەشتەری دابەشکاری و یەکێتی دەیەوێت بیکاتە پڕۆژەی بازرگانی، هەر رۆژەی مەقەست لە سوچێکی دەدات.

داگیرکردنی ئەو شوێنانە بەناوی بازرگانییەوە لەکاتێکدایە، خودی پارکەکە بەشێکی وێرانە و وشک بووە و تەنانەت تەوالێتی پێویستی لێ نییە بۆ ئەو سەردانیکەرانەی روو لەو پارکە دەکەن.

رۆژنامەنووس رێبوار فەتاح لەبارەی داگیرکارییەکانی پارکی ئازادییەوە نوسیویەتی، "هەندێك لەو جێ بازرگانیانە دراون بە بزنس، بە کوردیەکەی تەنیا پارکێك کە جێی حەوانەوە بێ، کەم کەم و قەپ قەپ داگیر کراوە و جێ بازرگانییەکان هەموو دڵگیرن، بەڵام پارکەکە وێرانە".

لەوبارەیەوە، مەعروف مەجید چالاکوانی ژینگە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پارکی ئازادی کۆمەڵێک شوێنی تیا فراوان کراوە و ئەمەش دەستدرێژیکردنە بۆ سەر موڵکی گشتی، لەبەرامبەریشدا حکومەتی کاربەڕێکەر دەڵێت ئەمە لە ماستەر پلانە و جێگامان کردووەتەوە. دەشڵێت، " ئەگەر ئەمە لە ماستەر پلان جێگەی کراوەتەوە بۆچی بۆ رای گشتی و رێکخراوەکان و رۆژنامەنووسان ناخرێتە روو؟".

ئەم داگیرکارییەی پارکی ئازادی لەکاتێکدایە، یەکێتی لە ئێستادا شاخی گۆیژەشی فرۆشتووە و دەیەوێت بیکاتە شوقە و پڕۆژەی بازرگانی و بەوەش بەردەوام دەبێت لە پەیداکردنی پارە لەسەر فرۆشتن و شێواندنی ژینگەی سەوزی سلێمانی.













گەلەری