سەردێڕ:

لە کەرکوک برینەکان قوڵترمەکەنەوە

PM:01:02:23/10/2025
380 جار خوێندراوەتەوە
مەلا فەرمان
+ -

ریشەی کێشەکانی کەرکوک هەمان ریشەی کێشەکانی هەرێم و کوردستانە، جەلالی و مەلایی، بۆ ٦٠ شەست ساڵ دەچێت پرسی کورد بەدەستیەوە گیری خواردووە، ئێستاش حکومەت و جومگەکانی ژیان و گونجاندنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستانی توشی ئیفلیجی کردووە.

لە ماوەی ئەم ٦٠ ساڵەدا جگە لە بە کوشتدانی هەزاران لاوی کورد، قوڵکردنەوەی دوژمنایەتی خۆبەخۆ، خوێنی هەزاران خێزان لە چەند نەوەیەک لە سوری پاکی کوردبونەوە کردوە بە رەنگی سەوز و زەرد، لە قاوغی خێڵ هێشتۆینەتەوە و کۆیلەئاسا دەستەمۆی کردوون.

پاڵنەری نوسینی ئەم چەند دێڕە و ئەم بابەتە، قسەی ناکوردانەی کادری حیزبیە، ئەو قسەیەی ماکی بیرۆکەی سیاسەتی ئەو شەست ساڵەیە، لەم بانگەشەی هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق گوند و کوچە و کۆڵانی شار نەماوە سەری پێدا نەکەن، کڕین و پارە بەخشینەوە، بەڵێنی خزمەتگوزاری لە کار و گوتە سەرەکیەکانە.

شەقامەکان بە دروشمی زل و بریقەدار و بەشانوباڵ هەڵدان داپۆشراون، بەشێ لەم دروشمانە لە چوارلاوە ناکۆکی نێوان نەک تەنها پێکهاتەیەک بەڵکە نێوان پێکهاتەکانی تریش دەشێوێنێ.

موخابن ئەوەی نابیندرێ بەرنامەی کارکردنە بە هەستی کوردبون و نیشتمانپەروەری و گێڕانەوەی موڵکی داگیرکراوی سەردەمی بەعسی کورد و تورکمانە.

لەم رۆژانە کۆمەڵێ بەرپرسی حیزبی و حکومی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن پێکەوە دەچنە یەکێ لە گوندەکانی ناوچەی شوان، ئەم گوندە دو قوتابخانەی ناوەندی و سەرەتایی تێدایە، بەڕێوەبەرەکان لەسەر بنەمای بەشبەشێنەی حیزبی دانراون.

لە میانی قسەکردن و بەڵێندان بە ئەنجامدانی پرۆژەی خزمەتگوزاری، بەرپرسێکی حیزبی و حکومی لە هەمانکاتدا مامۆستا بە پیشەی پێشتر، زۆر بە راشکاوی دەڵێ"کێشەی کارەبای قوتابخانە ناوەندیەکە چارەسەر دەکەین، سەرەتاییەکە بەڕێوەبەرەکەی لە ئێمە نیە، بۆی چارەسەر ناکەین".

لێرەوە برینە قوڵەکەی کوردبون و کەرکوک دەکولێتەوە، دەری دەخات هێشتا لە ناخ و پەروەردەی بەشێک لە کادری ئەم حیزبانە کاریگەری بیری کۆنی جەلالی و مەلایی ماوە.

جێی خۆیەتی ئاماژەی پێبدەین کە پەرپرسێکی حیزبی باڵاتر لەو ئەم قسەیەی پێباش نەبوە، پیی وتوە " ئێستا کاتی ئەم قسانە نییە"، هاوڵاتیەکیش وەڵامی داوەتەوە "ئەو بەڕێوەبەرە نزیکەی ٩ ساڵە لەو قوتابخانەیەیە، مناڵەکانی ئێمە پەروەردە دەکات، بەبێ جیاوازی".

زیانی ئەم قسەیە هێند زۆرە، بەحزبیبون لە کوردبون پیرۆزتر دەکات، ناکرێت بەرپرسێک بە دەنگی حیزب چوبێتە ئەو دامەزراوەیە و خاوەن پێگەیەکی تەشریعی بێت، هەڵەی زیانبەخش بە پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی بکات، هەروا با ئاسانی و بە وەڵامێکی سەرپێیی بەسەریدا تێپەڕبێت و بێدەنگی لێبکرێت.

گەلەری