وتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، حکومەت پاڵپشتی هەڵبژاردنەکان دەکات و ئامادەکاریەکان تەواو بوون و هەڵبژاردن لە کاتی خۆی ئەنجامدەدرێت.
ئەمڕۆ ٢٤ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، باسم عەوادى وتەبێژی حکومەتى عێراق وتی، حکومەت بە متمانەوە مانگی نیسانی رابردوو وادەی هەڵبژاردنی دیاریکرد و لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت و پشتیوانی تەواوی پڕۆسەکەی کردووە.
وتیشی، سەرۆکوەزیران چەندین جار ئاماژەی بەوەکردووە، هەڵبژاردن و
ئەزموونى دیموکراتى لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانى عێراقن و پاراستنى ئەو ئەزموونە
پێویستییەکى دەستوورى و نیشتمانییە و حکومەت پابەندە بەهاوکارییکردنى کۆمسیۆنى
هەڵبژاردنەکان و دەزگا ئەمنییەکان بە ئامانجى ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى سەرکەوتوو لە
١١ـی مانگی داهاتوو و هەڵبژاردن بە پاڵپشتی حکومەت بەڕێوەدەچێت.
هاوکات، چەند دەنگۆیەک لە عێراق بڵاوبوبۆیەوە کە هەڵبژاردن بە چەند
هۆکارێکی ناوخۆیی و دەرەکی دوادەخرێت و حکومەتی عێراق وتی، لە کاتی خۆیدا
هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت.