سەردێڕ:

بۆ یەکەمجار لە مێژوودا؛ چین چارەسەری نەخۆشی شەکرەی دۆزییەوە

PM:11:44:29/05/2024

6120 جار خوێندراوەتەوە

لە دەستکەوتێکی پزیشکیی گرنگدا، زانایانی چین بە بەکارهێنانی خانەی بنەڕەتی، توانییان پیاوێکی تەمەن ٥٩ ساڵی تووشبوو بە نەخۆشیی شەکرە چارەسەر بکەن، ئەوەش هیوایەکی بۆ توشبووانی شەکرە لە جیهاندا دروست کردووە.


رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ـی بەریتانی بڵاوی کردەوە، تیمێکی پزیشک و توێژەر لە نەخۆشخانەی شەنگەهای چانگچێنگ لە رێگەی چاندنی خانەی بنەڕەتییەوە " Stem Cells"، توانیویانە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا چارەسەری نەخۆشی شەکرە بدۆزنەوە و ئەنجامەکانیش دڵخۆشکەرن.

هاوکات، چارەسەرەکە ساڵی ٢٠٢١ لەسەر پیاوێکی تەمەن ٥٩ ساڵان تاقیکراوەتەوە کە بۆ ماوەی ٣٣ مانگ بەبێ وەرگرتنی دەرمانی ئەنسۆلین و وەک کەسێکی تەندروست ژیانی بەڕێ کردووە و ئەوەش داهێنانێکى نوێى پزیشکییە.

چارەسەرەکەش بریتیە لە چاندنی (خانەی بنەڕەتی) لەناو پەنکریاسی نەخۆشەکە، کە جێگەی خانە لەناوچووەکانی ناسراو بە (لانگەرهانس)ـی گرتووەتەوە و توانیویەتی هۆرمۆنی ئەنسۆلین بەرهەم بهێنێت.

خانە بنەڕەتیەکان کۆمەڵە خانەیەکن توانای گۆڕینیان هەیە بۆ چەندین جۆری جیاواز لە خانە، لەناو مێشک و ماسولکەکان و گورچیلە و پەنکریاس، کە جەستەی مرۆڤ پێویستی پێیانە بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانیان.

بەو پێیەش کە لە پەنکریاسی نەخۆشانی شەکرە بڕی پێویست لە هۆرمۆنی ئەنسۆلین بەرهەم نایەت تا رێژەی شەکر لە خوێن کۆنتڕۆڵ بکات، بوونی بڕێکی زۆر لە شەکر لەناو خوێندا رەنگە دەمار و گورچیلەکان لەکار بخات و چەندین نەخۆشی تر وەک نەخۆشییەکانی دڵ دروست بکات.

رۆژنامە بەریتانییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرچەندە ئەو ئەنجامە جێگەی دڵخۆشییە، بەڵام بەرلەوەی چارەسەرەکە بە تەواوی پەسەند بکرێت، دەبێت لەسەر نەخۆشی زیاتر تاقی بکرێتەوە، رەنگە چارەسەرەکە تەنیا بۆ نەخۆشانی شەکرە لە جۆری دوو سەرکەوتوو بێت، کە بەربڵاوترین جۆری نەخۆشییەکەیە.

هەرچۆنێک بێت چین بەم هەنگاوە ئومێدی بەخشی بە توشبوانی نەخۆشی شەکرە لەسەرتاسەری جیهاندا و رەنگە ببێتە سەرەتایەک بۆ رزگاربوونی سەدان ملیۆن کەس لەو نەخۆشیە بێ چارەسەرە بەشێوەیەکی سروشتی.

ئەوە لە کاتێکدایە چین یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین توشبوو بە نەخۆشی شەکرەی لەخۆ گرتووە کە نزیکەی١٤٠ ملیۆن کەسە، لەو ژمارەیەش ٤٠ ملیۆنیان دەبێت تا مردن دەرزی ئەنسۆلین وەربگرن.













گەلەری