سەردێڕ:

لە ماوەی دوو ساڵدا؛ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی عێراق و چین ٥٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە

PM:02:29:28/05/2024

1916 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و چین لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا ٥٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. دەشڵێت، " قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ چین تەنها لە ساڵی رابردوودا ٣٣ ملیار دۆلاربووە".


ئەمڕۆ سێشەممە، هیشام عەلاوی جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری پلاندانانی سیاسی رایگەیاند، چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانی عێراقە، بەوپێیەی قەبارەی هاوکارییە داراییەکان لەنێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە نزیکەی ٤٠٠ ملیار دۆلار.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە تەنها لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ـدا ٣٣ ملیار دۆلاربووە و لەماوەی پێنج مانگی سەرەتای ٢٠٢٤ ـدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و چین بە رێژەی ١٧ ملیار دۆلاربووە، ئەمەش  ئاستی گەشەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵاتەکە نیشاندەدات، ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ هەردوو ساڵەکە گەیشتووەتە ٥٠ ملیار دۆلار.

باسی لەوەش کرد، بەشداریکردنی چین لە پڕۆژەی رێگای گەشەپێدانی عێراق رۆڵێکی گرنگی دەبێت لەسەر پەرەپێدانی کەرتی ئابووری و پەیوەندییە هاوبەشەکانی عێراق لەگەڵ چین لە کەرتە نانەوتییەکانی وەک کشتوکاڵ، پیشەسازی، بازرگانی، گەشتیاری و خزمەتگوزاری.

لای خۆشییەوە، باڵیۆزی چین لە عێراق رایگەیاند، لایەنی عێراقی ئەندامێکی زۆر گرنگی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبییە هەربۆیە بەردەوام دەبن لە پەرەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەکانیان لەگەڵ عێراق.

لەو بارەیەشەوە محەمەد نەجار، بەڕێوەبەری خەزێنەی گەشەپێدانی عێراق و راوێژکاری وەبەرهێنانی سەرۆک وەزیران بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بە هاوبەشی دەستەی بازرگانی عێراق و چین گرێبەستێک بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی سیاسی و ئابووری هەردوو وڵات واژۆ دەکەن.

باسی لەوەشکرد، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی عێراق و چین ساڵانە زیاتر لە ٥٣ ملیار دۆلارە و لەڕێگەی گرێبەستەکەوە بەڕێژەی ٥٠٪ بەرزدەکرێتەوە، بەوپێیەش دەگاتە ٧٠ ملیار دۆلار.














گەلەری