سەردێڕ:

بانکی ناوەندی بۆ ئێن ئاڕ تی: دۆلار بە نرخی فەرمی دەدەینە ئەم توێژە

PM:07:11:14/05/2024

25252 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە بانکی ناوەندی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەلایەن بانکی ناوەندییەوە سەرجەم بانکەکانی پەیوەست بە سەکۆی ئەلیکترۆنی فرۆشتنەوەی دۆلار ئاگادارکراونەتەوە کە ئاسانکاری بۆ حاجیان بکەن لە دەستڕاگەیشتن بە دۆلاری کاش. دەشڵێت، " هەر حاجییەک دەتوانێت بە پێی پێویستی تا سێ هەزار دۆلار داواکاری پێشکەش بکات بۆ وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی".


ئەمڕۆ سێشەممە، چاوگێکی ئاگادار لە بانکی ناوەندی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای ئەوەی وادەی گەشتی حاجیانی ئەمساڵ دیاری کرا، بانکی ناوەندی لە نوسراوێکدا داوای کردووە کە ئاسانکاری لە دەستڕاگەیشتنی حاجیان بە دۆلاری کاش بکرێت و نوسراوەکە ئاراستەی بانکەکانی رافیدەن، رەشید کراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە لە پێناو رێگەگرتنە لە گەڕانەوەی حاجیان بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ تا هیچ کاریگەرییەکی نەرینی لەسەر نرخی دۆلار دروستنەکەن بۆ ئەومەبەستەش راستەوخۆ لەلایەن ئەو بانکانەوە دۆلاری کاشیان بۆ دابین دەکرێت.

باسی لەوەش کرد، هەر حاجییەک دەتوانێت بەگوێرەی پێویستی خۆی داواکاری بۆ کڕینەوەی دۆلاری کاش پێشکەش بکات و کە لە سێ هەزار دۆلار زیاتر نەبێت و لەگەڵ دەستپێکی گەشتەکەیدا دەتوانێت پارەکە وەربگرێت. وتیشی، "سەرجەم حاجیان لە میانەی داواکاریان بۆ دۆلاری کاش دەبێت کۆدی پەیوەست بە داواکارییەکانیان ون نەکەن ئەگەر نا بە پێچەوانەوە ناتوانن هیچ بڕە پارەیەک وەربگرن".

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٣ـی ئایار وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، بە سەرپەرشتی کۆمپانیای گشتیی عێراق بۆ بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانە و گەشتە ئاسمانییەکان، ئامادەکارییان بۆ ئەنجامدانی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ سعودیە دەست پێکردووە.

ئەوەشی خستووەتە روو، گەشتەکان رۆژانە دەبن کە لە هەر رۆژێکدا سێ بۆ پێنج گەشت ئەنجام دەدرێت و لە رۆژی ١٨ـی ئەم مانگەوە دەست پێ دەکات تا ٢٦ـی مانگ بەردەوام دەبێت.













گەلەری