سەردێڕ:

لە مانگی شوباتدا یەدەگی زێڕی عێراق سێ تۆن زیادی کردووە

AM:11:38:14/05/2024

1324 جار خوێندراوەتەوە

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لەماوەی مانگی شوباتی ئەمساڵدا یەدەگی زێڕی عێراق بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و کۆی گشتی یەدەگی زێڕ گەیشتووەتە ١٤٥ تۆن و ٦٦١ کیلۆ.


ئەمڕۆ سێشەممە، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رایگەیاند، بەگوێرەی داتاکانیان یەدەگی زێڕی عێراق لە مانگی شوباتی ٢٠٢٤، نزیکەی سێ تۆن زیادی کردووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بە تێكڕا یەدەگی زێڕ لەماوەی مانگی دوودا گەیشتووەتە ١٤٥ تۆن و ٦٦١ کیلۆ، ئەوەش لە ئەنجامی بەردەوامی هەوڵەکانی عێراق بۆ هەمەچەشنکردنی یەدەگی دەرەکی و بەرزکردنەوەی سەقامگیری دارایی و دراو لە وڵاتەکەدا.

باسی لەوەش کردووە، لە مانگی رابردوودا نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە مێژوودا و هەر ئۆنسەیەک بە دوو هەزار و ٤٠٠ دۆلار مامەڵەی پێوە کرا.

ئەوەشی خستووەتە روو، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی خاوەنی بڕێکی زۆر لە یەدەگی زێڕە و لەدوای سعودیە و جەزائیر و مەغریب، لە پلەی چوارەمی وڵاتانی عەرەبیدایە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا بانکی ناوەندیی عێراق لە راپۆرتێکدا ئەوەی خستە روو، گەشەی یەدەگی زێڕ لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەرێژەی ١٠٪ بووە و ئاستی هەڵاوسانیش بەرێژەی ١.٢٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، لە ئێستاشدا بانکەکە خاوەنی ١٣٢ تۆن و ٧٠٠ کیلۆ زێڕە و بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ ئاستی داهاتی یەدەگی ئاڵتون بەرێژەی ٣٣ ملیار دۆلار بەرزکراوەتەوە.













گەلەری