سەردێڕ:

نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا جێگیرە

AM:08:23:12/05/2024

840 جار خوێندراوەتەوە

پاش دابەزینی نرخی نەوت لە چەند رۆژی رابردوودا و لەگەڵ فراوانبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەی دوو رۆژە نرخی نەوت بەهۆی داخرانی بازاڕەکانی جیهانەوە بە جێگری ماوەتەوە و لە ئێستادا بەرمیلێک نەوتی برێنت بە ٨٢ دۆلار و ٧٩ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی رۆژئاوای تێکساس بە ٧٨ دۆلار و ٢٦ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەراورد بە ٤٨ کاتژمێری بە جێگیری ماوەتەوە ئەوەش بەهۆی داخرانی بازاڕەکانی جیهانەوەیە و لەگەڵ کرانەوەی بازاڕدا پێشبینی دەکرێت نرخەکەی بە رێژەی ٠.٥٪ دابەزین بەخۆیەوە ببینێت.

لەبارەی کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان رێکخراوی ئۆپیک پڵەس رایگەیاند، بەردەوام دەبن لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان و لە ئێستاشدا خواستی بازاڕەکان بۆ نەوت تا سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بە پارێزراوی ماوەتەوە.

لەو بارەیەشەوە بانکی جەی پی مۆرگان لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی بەرزبوونەوەی خواستی جیهان بۆ نەوتی عێراق پێشبینی دەکرێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا بەرێژەی ٣٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزبکرێتەوە. وتیشی، " نرخی نەوت بە تێکڕای ٨٢ دۆلار دیاری دەکرێت بۆ عێراق".

ئەوەش لە کاتێکدایە، رێکخراوی ئۆپیک پڵەس گۆڕانکاری لە ئاستی خواستی وڵاتان و دەستڕاگەیشتن بە نەوت دەکات و لە بەرامبەردا ئاماژە بە کاریگەرییەکانی خواستی جیهان لەسەر نرخی نەوتی وڵاتانی بەشداربوو لە ئۆپیک پڵەسدا دەکات. دەشڵێت، " ئەمە ئاماژەیەکە بۆ سەقامگیرکردنی خواستی جیهان بەرامبەر بە نرخی نەوتی وڵاتانی بەژداربوونی رێکخراوەکە".













گەلەری