سەردێڕ:

هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئاشکرا بوو

PM:06:55:16/03/2024

18880 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەرجەم کێشە تەکنیکییەکانی دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم لە رێگای بەندەری جەیهان- تورکیا چارەسەر کراون. دەشڵێت، "هەرێم داوای کردووە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم ببنە هاوبەش لە پڕۆسەی وەبەرهێنانی نەوت، بەڵام ئەوە پێچەوانەی دەستوورە".


عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەلایەن لیژنەی تەکنیکیەوە سەرجەم راپۆرتەکان ئامادەکراون و لە ئێستاشدا هیچ گرفتێکی تەکنیکی بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم لە رێگای بەندەری جەیهانەوە نەماوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، شاندەکەی تورکیا لە سەردانەکەیاندا دڵنیایی تەواوەتیان داوە لەوەی کە بۆرییە نەوتییەکان بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە کەرکوکەوە بۆ تورکیا بە تەواوی ئامادە کراون، بەڵام ئەوەی کێشەی دروست کردووە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمن کە پێچەوانەی دەستوورن.

باسی لەوەش کرد، هەرێم دەیەوێت بەو شێوازەی کە خۆی گرێبەستی کردووە، هەر بەو جۆرە عێراق گرێبەستەکان بکات کە ئەوەش پێچەوانەی دەستوورە و ناتوانن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمدا هاوبەشی لە وەبەرهێنانی نەوتدا بەڕێژەی ٥٠٪ بکەن. وتیشی، " ئەوەی هەرێم دەیەوێت هاوبەشیکردنی کۆمپانیا نەوتییەکانە ئەوەش رێگەپێدراو نیە، و لەگەڵ هەرێم لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی لەسەر قازانجی فرۆشی نەوت قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکانیش بدرێتەوە لەگەڵ هاوبەشیکردنی قازانجەکەی لە نێوان هەرێم و بەغدا".

ئەوەشی خستە روو، سەرجەم رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم تەواو کراون و ئەوەی ماوەتەوە پەیوەستە بە راپۆرتی کۆتایی لیژنە راسپێردراوەکانی نەوت بە سەرپەرشتی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق-سۆمۆ. وتیشی، "هەوڵدەدەین لە نزیکترین کاتدا هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێبکاتەوە".

پێشتر، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژانامەنوسیدا رایگەیاند، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە رێگای بەندەری جەیهانەوە لێکتێگەیشتنی باشی لەسەر کراوە و هەوڵیش دراوە کە سەرجەم کێشەکان لەگەڵ هەرێم چارەسەر بکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، نزیکەی ساڵێکە بە بڕیاری ژووری ناوبژیوانی دادگای نێودەوڵەتی پاریس، هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە، حکومەتی کاربەڕێکەریش دەڵێت، راگرتنی نەوتەکە زیانی زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلاری هەبووە.













گەلەری