سەردێڕ:

بەهۆی سەختی برینەکەیەوە؛ ئەو کەسەی لە شەڕەتەقەکەی دهۆکدا بریندار بوو گیانی لەدەستدا

PM:05:03:11/02/2024

9984 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو کەسەی لە ئەنجامی شەڕی نێوان بنەماڵەیەک و جوتیارانی کۆمەڵگەی چڕە لە سنووری دهۆک دەستڕێژی گوللـەی لێکراو و بە سەختی بریندار بوو، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، چاوگێک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئەنجامی شەڕی ئەمڕۆی نێوان جوتیاران و بنەماڵەیەک لە کۆمەڵگەی چڕە سەر بە ناوچەی شێخان لە سنووری دهۆک ئەو کەسەی بەهۆی دەستڕێژی گوللـەوە بە سەختی بریندار بوو گیانی لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون کوڕ و باوکن، باوکەکە گیانی لەدەستداوە و کوڕەکە بریندار بووە.

ئەوەشی خستە روو، پۆلیس گەشتووەتە شوێنی شەڕەکە و لە ئێستادا دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە و لێکۆڵینەوە دەستی پێ کردووە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارەکان دەرچووە.

هەر ئەمڕۆ، چاوگێک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە کۆمەڵگەی چڕەی سەر بە ناوچەی شێخان لە سنووری دهۆک بەهۆی کێشەیەکی کۆنی زەوی و زارەوە شەڕ لەنێوان جوتیارانی ئەو ناوچەیە و بنەماڵەیەک دروست بووە.

باسی لەوەش کرد، کێشەی ئەو بنەماڵەیە و جوتیارەکان کە هەردولایان دانیشتووی کۆمەڵگای چڕەن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٨، لەو کاتەوە بەهۆی کێشەی زەوی و زارەوە لە هەردوولا چەندین کەس گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون، هاوکات چەند جارێکیش لەرێگەی یاساوە هەوڵی چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەسەر نەبووە و کێشەکە بەردەوامە.













گەلەری