بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاند، لەسەر رێگای هەولێر- مەخمور لە گوندی منارە ئاگر لە کارگەیەکی گەورەی کەلوپەل و ئامێر و ئالیکی ئاژەڵ کەوتووەتەوە. خاوەنی کارگەکەش دەڵێت، هێشتا هۆکاری ئاگرەکە نەزانراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، بەرگری شارستانی هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، نزیکی کاتژمێر ٢:٣٠ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر رێگای هەولێر- مەخمور لە گوندی منارە ئاگر لە کارگەیەکی گەورە کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
لەو بارەیەوە پەیامنێری
ئێن ئاڕتی ئاماژەی بەوەکرد، بەوپێیەی بەهۆی کەلوپەلی ناو کۆگاکە ناو بە ناو ئاگرەکە
دەستپێدەکاتەوە تا ئێستا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە و تیمەکانی بەرگری شارستانی لە هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی.
باسی لەوەشکرد،
کارگەکە لە سێ کۆگا پێکدێت و ئاگرەکە تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنها زیانی
ماددی لێکەوتووەتەوە.
لەو بارەیەوە خاوەنی
کارگەکە بە ئێن ئاڕ تی وت، لەو کاتەی ئاگرەکە کەوتووەتەوە کارەبا نەبووە و هێشتا هۆکاری
ئاگرکەوتنەوەکە ئاشکرا نەکراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە،
وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە ئین ئاڕ
تی راگەیاند، لە ماوەی ١٠ مانگی ئەمساڵدا لە سنوری پارێزگای هەولێر زیاتر لە هەزار
و ٨٠٠ رووداوی ئاگر کەوتنەوە هەبووە. وتیشی،
"بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە ١٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٧ کەسیش لە سنوری پارێزگاکە
خنکاون."
ئومێد چۆمانی، هەولێر