سەردێڕ:

وەزارەتی شارەوانی هەرێم وادەی گۆڕینی بۆری ئاوی ئیفرازی سێی لە هەولێر ئاشکرا کرد

PM:05:02:10/12/2022

1244 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی شارەوانی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم رایگەیاند، سبەینێ پرۆژەی گۆڕینی بۆری ئاوی ئیفرازی سێ لە هەولێر دەستپێدەکات و نزیکەی ٢١ ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.


وەزارەتی شارەوانی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم رایگەیاند، بە مەبەستی چارەسەری ریشەیی بۆ رێگریكردن لە دووبارەنەبوونەوەی گرفتی شكانی بۆریی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ لە شاری هەولێر، سبەینێ قۆناغی یەكەمی پرۆژەی گۆڕینی بۆرییەكە دستپێدەكات.

دەشڵێت، تیمێكی ئەندازیارانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكەن.

ئاماژەى بەوەشکرد ، پرۆژەی ئیفرازی سێ‌ ٤٠٪ی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتیوانی شاری هەولێر دابیندەكات، بەهۆی سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر بۆرییەكە، چەند جارێك بۆرییەكە شکاوە و بەشێكی زۆری دانیشتیوانی هەولێر بێ‌ ئاو بوون.

ئەوەش خراوەتەروو، وەزارەتی شارەوانی و بەرێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر، سەرپەرشتی جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكەن، بە چاککردنی بۆریەکە پرۆسەی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاوڵاتییان باشتر دەبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوو بۆری گواستنەوە و دابەشکردنی ئاوی ئیفرازی سێ لە شاری هەولێر چەند جارێک شکا، هەرچەند حکومەت چاکی دەکردەوە، بەڵام بەهۆکاری نەبوونی پلانی پێشوەختە لە نزیکترین ماوەدا دەشکایەوە و بەمەش ٤٠٪ی دانیشتوانی شاری هەولێر بۆ چەند رۆژێک بێ ئاودەبوون.













گەلەری