سەردێڕ:

بانکی ناوەندی عێراق وادەی جێگیربوون و دابەزینی نرخی دۆلاری ئاشکرا کرد

PM:04:31:10/12/2022

120316 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، نرخی دۆلار لە ئێستادا کۆنتڕۆڵکراوە و لە ماوەی دوو هەفتەی دیکەدا نرخەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نرخی پێشووی.


ئەمڕۆ شەممە، ئیحسان یاسر راوێژکاری بانکی ناوەندی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی راگەیاند، کێشەی نرخی دۆلار پەیوەستە بە بڕی خستنەڕووی دۆلارەوە.

ئاماژوی بەوەشدا، بانکی ناوەندی سەکۆکی داناوە تا لە رێییەوە بانکەکان بتوانن داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن بۆ دەستخستنی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە.

ئیحسان یاسری ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم سەکۆیە چەند رێکارێکی هەیە، چونکە تا ئێستاش عێراق پابەندە بە داواکاری و مەرجە نێودەوڵەتییکانەوە لە بابەتی نرخی دۆلاردا و سەرقاڵی رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی سپیکردنەوەی پارە و بنبڕکردنی پارەدارکردنی تیرۆرە.

دەشڵێت،بەشێک لە بانکەکان کاتییان پێویستبوو بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکان و مەرجەکان.

راوێژکاری بانکی ناوەندی عێراق باسی لەوەشکرد، بانکەکان پێشتر داواکارییەکانیان بۆ دەستی خستنی دۆلار پێشکەشی بانکی ناوەندی دەکرد، بەڵام لە ئێستادا بانکەکان داواکارییەکانیان بۆ ئەو سەکۆیە بەرز دەکەنەوە کە بۆیان دانراوە، کاتێکیش داواکارییەکە دەگاتە بانکی ناوەندی وردبینی تێدا دەکرێت، ئەم رێکارەش کاتی پێویستە.

وتیشی، بەشێک لە بانکەکان کۆد و بەندی نێودەوڵەتییان لەسەرە، هەربۆیە بانکی ناوەندی هیچ جۆرە مامەڵەیەکیان لەگەڵدا ناکات.

ئیحسان یاسری ئەوەشی ئاشکرا کرد، بناکی ناوەندی لە رێگەی بەرزکردنەوەی ئاستی خستنەڕووی دۆلارەوە ئەم کێشەیەی چارەسەرکردووە و پشکی بانکەکانی لە جۆری (ا – ب -ج) زیادکردووە.

دەشڵێت، رێکارەکانی وردبینی کاتی پێویستی خۆی وەردەگرێت و بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێدەکرێن و دواتریش نرخی دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی سروشتی خۆی.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، گەڕانەوەی نرخی دۆلار بۆ نرخی پێشوویی و جێگیربوونەوەی و ئاسایی بوونەوەی دۆخەکەی دوو هەفتە زیاتر ناخایەنێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی دوو هەفتە زیاترە بەشێوەیەکی چاوەڕاننەکراو نرخی دۆلار لە بازاڕەناوخۆییەکان بەرزبووەوە و جۆرێک لە ناجێگیری لەنرخدا بە خۆیەوە بینی و ئەمەش بووە هۆی شڵەژانی بازاری دراو و بازاڕی مامەڵەکان لە عێراقدا.













گەلەری