سەردێڕ:

وەزارەتی کشوکاڵی عێراق: گەنمێکمان بەرهەمهێناوە بەرگەی وشکەساڵی دەگرێت

PM:11:47:22/11/2022

3280 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، لە رێگەی بەکارهێنانی تەکنیکی سەردەمییەوە توێژەرانی سەر بە وەزارتی کشتوکاڵ پەرەیان بە جۆرە گەنمێک داوە کە بەرگەی وشکەساڵی دەگرێت. دەشڵێت، "لە یەک دۆنم زەویدا بڕی دوو هەزار کیلۆگرام گەنمان بەرهەمهێناوە."


حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە میدیاکانی عێراقی راگەیاند، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە رێگەی ناوەندی نیشتیمانییەوە کار بۆ بوژاندنەوەی بەرهەمی گەنم دەکات و بەرنامەی کاری بۆ زیادکردنی تۆوی گەنم داناوە و بە نیازی لە ناوبردنی ئەو بنەتۆوانەیە کە وشک بوون.

ئاماژەی بەوەشدا، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هەڵدەستێت بە زیادکردنی بەرهەمی گەنمی یەک دۆنم لە هەر رووبەرێکی زەوی کشتوکاڵی، ئەوەش لە رێگەی بەکارهێنانی تەکنیکی نوێ کە یەکێکە هەنگاوەکانی بەرنامەی کاری نیشتیمانی بۆ بوژنادنەوەی بەرهەمی دانەوێڵە.

دەشڵێت، ئەم بەرنامەیە ئەنجامی باشی بە دوای خۆیدا هێناوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی رابردوو بەرهەمی یەک دۆنم ٥٠٠ کیلۆگرام دانەوێڵە بووە، بەڵام لە ئێستدا بەرهەمی یەک دۆنم زەوی کشتوکاڵی گەیشتووەتە هەزار و ٥٠٠ کیلۆگرام دانەوێڵە و هەندێک کاتیش دەگاتە دوو هەزار، ئەمەش هێمایەکی روونی ئەو نوێکاری و توێژینەوە زانستیانەیە کە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئەنجامی داوە.

باسی لەوەشکرد، توێژەرانی سەر بە وەزارتی کشتوکاڵ پەرەیان بە جۆرە گەنمێک داوە کە بەرگەی وشکەساڵی دەگرێت و گەنمی نەختینەییان گۆڕیوە بۆ گەنمێک تایبەتبێت بە دروستکردنی ئارد، ئەویش لە رێگەی چەند تەکنیکێکی سەردەمییەوە و لە ئێستادا زۆربەی گەنمی عێراق شیاوە بۆ کردنی بە ئارد.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە رێگەی ئاودێرانی ناوچەیی یاخود ئاودێرانی جێگر و بەکارهێنانی پاکێجێکی تۆویی دژە نەخۆشی کار بۆ زیادکردی بەرهەمی گەنم دەکرێت، هاوکات سەرجەم پێداویستییە کشتوکاڵییەکانی وەک پەینی داب و پەینی یۆریا دابینکراوە، جگە لەوەی لە پێشتریش پەینی پۆتاسیۆم و مەگنسیۆم و زینک و ئەوانی دیکە بەردەستبوون.













گەلەری