سەردێڕ:

ئەردۆغان: لەچەند رۆژی داهاتوودا دەست بەهێرشی وشکانی دەکەین

PM:06:51:22/11/2022

6456 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا لە رێگەی سوپای تورکیاوە هێرشدەکەنە سەر سوپای سوریا دیموکرات. هاوکات، روسیا داوای دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ناکۆکی نێوان تورکیا و سوپای سوریای دیموکراتی کرد.


رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، چەند رۆژێکی دیکە لە رێگەی فڕۆکەو و تۆپهاوێژ و چەکەکانیانەوە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی سوپای سوریای دیموکرات و لە نزیکترین کاتدا لە رێگەی تانک و سەربازەکانیانەوە دەستگیریان دەکەن.

دەشڵێت، "پشتیوان بە خوا لە رەگەوە هەڵیان دەکێشین."

لەلایەکی دیکەوە ئەلیکزاندەر لاڤرنتیێڤ نێردراوی روسیا لە سوریا ئاماژەی بەوەدا، لەسەر تورکیا پێویستە رێگە لە بەکار‌هێنانی هێزی سەربازی لە رادەبەدەر بگرێت لە سوریا و پێویستە لەو ناوچەیە بەدوای چارەسەرێکی ئاشتیخوازانە بگەڕێت بۆ کەیسی چەکدارە کوردەکان.

دەشڵێت، روسیا لەگەڵ هاوبەشەکانی کاردەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو ناکۆکی و ململانێیە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممەی رابردوو وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر بنکەی چەکدارە کوردییەکان لە رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان و لەو هێرشەدا ٨٩ ئامانجیان تێکشکاندووە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم هێرشە وەک تۆڵەی تەقینەوەکەی هەفتەی رابردووی ئەستەنبوڵە کە شەش کەسی تێدا کوژرا.

لەلایەن خۆیەوە، فەرهاد شامی وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیکیش لە تویتێکدا رایگەیاند، هێزەکانی تورکیا زیانیان بە دامەزراوەکانی وەکو سایلۆی دانەوێڵە، وێستگەیەکی کارەبا و نەخۆشخانەیەک گەیاندووە.

وتیشی، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا ١١ کەسی سڤیل لە ناویاندا رۆژنامەنووسێکیش کوژراون.













گەلەری