سەردێڕ:

سودانی: حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر پشت بەدەستوور دەبەستێت

PM:04:00:22/11/2022

1096 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق و لەگەڵ سەرۆکی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و رایگەیاند، گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە رێگەی دەستوورەوە چارەسەر دەکەن.


محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە ئەوە هاتووە، "پێویستە گرنگی بە گیانی یەکڕیزی لەسەر ئاستی پرسە نیشتیمانییەکان و پێویستی هاودەنگی و هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگی ئابووری و بژێوی و خزمەتگوزارییەکان و ئەرکی دەستەبەرکردنی ژیانیکی شایستە بۆ هەموو هاوڵاتیان لە سەرتاسەری عێراقدا بدرێت."

سودانی جەختی لەوەشکردەوە، "حکومەتی ناوەندی لە رێگەی پشتبەستن بەدەستوورەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە و گرفت و دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدات بە مەبەستی دابینکردنی مافی پێکهاتەکان."

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی دۆسیە ئەمنییەکان لە ناوچە سنوورییەکانی عێراق کراوە و باس لە پاراستنی سەروەری عێراق کراوە، ئاماژە بەوەشکراوە، "نابێت خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێنرێت."













گەلەری