رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق تێوەگلاوە لە پرسی دیارنەمانی ٢.٥ ملیار دۆلار لە بەڕیوەبەرایەتی باجەکانی بانکی رافیدەین.
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی چەند وردەکارییەکی نوێی لەبارەی دۆسیەی "دزی سەدە"وە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق تێوەگلاوە لەو دۆسیەیە. گاردیان ئەوەشی خستووەتەڕوو، دیارنەمانی ئەو بڕە پارەیە لە رێگای دامەزراوە باڵەکانی حکومەتەوە ئاسانکاری بۆ کراوە و لە هاوینی ساڵی ٢٠٢١ ژمارەیەک نوسراو دەرچووە بۆ کشاندنەوە و بردنی ئەو پارانە و چەند دامەزراوەیەکی باڵی حکومیش ئەو نوسراوانەیان واژۆ کردووە و یەکێکیش لەو دامەزراوانە نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقە.
باسی لەوەشکردووە، پارەکە کە بە ٢.٥ ملیار
دۆلار دەخەمڵێندرێت لە رێگای کۆمەڵێک کۆمپانیای بێسەرەتا کە هیچ بەڵگەیەکی فەرمی
بوونیان نیە و بە کڕینی ژمارەیەک موڵکی گرانبەها لە بەغدا سپی کراونەتەوە.
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئاماژەی
بەوەشداوە، دیارنەمانی ئەو برە پارەیە تەنها بە هاوکاری دامەزراوە باڵاکانی دەوڵەت
دەبێت و یەکێک لە راوێژکارەکانی کازمی رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە تێوەگلانی کازمی لەو
دۆسیەیە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە رێکەوتی ١٦ی ١٠ی ٢٠٢٢، دەستەی
دەستپاکی عێراق رایگەیاند، دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە سەبارەت بە دیزینی سێ ترلیۆن
و ٧٠٠ ملیار دینار کە لە دەستەی گشتی باجەکانی سەربە بانکی رافیدەین دزراوە و
دۆسییەکەشی رەوانەی دادگاکردووە و لە میدیاکانیشدا دیار نەمانی ئەو بڕە پارەیە بە
"دزی سەدە" ناوبرا.