سەردێڕ:

سوپای عێراق هێزی ناردە خانەقین و فەرمانی کردووە هێزە کوردییەکان قەزاکە چۆڵبکەن

PM:11:46:12/10/2022

16088 جار خوێندراوەتەوە

دواجار سوپاى عێراق هێزی ناردە سەر ئاسایشی خانەقین و فەرمانی چۆڵکردنی ئەو شارۆچکەی بە هێزە ئەمنییەکانی سەربە هەرێم پێ راگەیاندن.


فەرمانی دەرکردنی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان و فەرمانگە حکومییەکانی سەربە هەرێم لە سنووری قەزای خانەقین، نزیکەی هەفتەیەکە لەلایەن فەرماندەیی ژووری کردە هاوبەشەکانی دیالەوە دەرکراوە.

بەپێی فەرمانەکە دەبێت هەرچی فەرمانگەی ئەمنی سەربە حکومەتی هەرێمە، لەماوەى دیاریکراودا لە سنووری خانەقین بکشێنەوە.

بەرپرسی راگەیاندنی ئاسایشی گەرمیان لەبارەی ئەو هێزە عێراقییەی چوونە سەر بارەگاکەیان بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، بۆ پتەوکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەردوولا بووە.

بەڵام بەپێی سۆراغی ئێن ئاڕتی، پێشتر سوپای عێراق پەیامی چۆڵکردنی خانەقینی بە پۆلیس و ئاسایش گەیاندووە و دواتر هێزی سەربازی ناردووەتە سەر ئاسایش.

ئێن ئاڕتی پەیوەندی بە ژووری ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی عێراقەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکان بەردەست نەبوون.

لە قەزای خانەقیندا ١٦ فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی سەر بە هەرێمی کورستان هەیە، سیانیان ئەمنی و ١٣ی تریشیان خزمەتگوزارین، ئێستا بڕیاری دەرکردن تەنها بۆ هێزە ئەمنییەکانە و بڕیاری دەرکردنی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانیش پەیوەستە بە جێبەجێکردن یان راگرتنی بڕیاری دەرکردنی هێزە ئەمنییەکانەوە.

هەرچەندە قایمقام و بەڕێوەبەری پۆلیس و بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی دیکەش کوردن، بەڵام هەرێمی کوردستان ئێستا لەو شارۆچکە هیچ دەسەڵاتێکی نییە.

تا پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر کورد دەسەڵاتی ئەمنی و ئیداری و سەربازی رەهای لە خانەقیندا هەبوو، بەڵام دوای ئەوە کورد دەسەڵاتی نەما، بەم حاڵەشەوە سوپای عێراق رێگە بە بوونیان نادات.













گەلەری