ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەنجامی لێکۆڵینەوەی کوژرانی عەقید هاوکار عەبدوڵا رەسوول ئەفسەرەکەی دژەتیرۆری ئاشکراکرد و دەڵێت، "لەلایەن دژەتیرۆری سلێمانییەوە بووە و بە فەرمانی راستەوخۆی وەهاب هەڵەبجەیی بووە."
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، عەقید هاوکار عەبدوڵا رەسوول ئەفسەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری – زانیاری سەر بە ئەنجومەنی ئاسایش کاتژمێر ١:٠٥ خولەکی پاش نیوەڕۆ لە گەڕەکی سەربەستی شاری هەولێر بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەیدا تەقییەوە و بەهۆیەوە خۆی شەهید بوو چوار ئەندامی خێزانەکەشی برینداربوون.
ئەنجومەنی ئاسایش باسی
لەوەشکردووە، دوای رووداوەکە دەزگا ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوەکرد و شەش
تۆمەتبار دەستگیرکران و دەرکەوتووە کە ئەو کردەوەیە لەلایەن تیمێکی دژەتیرۆری
سلێمانی بە فەرمانی وەهاب مەجید باقی بەرپرسی دژەتیرۆی سلێمانی و کارزان محەمەد
رەشید بەرپرسی هەواڵگری دژەترۆری سلێمانی.
ئەوەش خراوەتەڕوو، تیمەکە
لە ١٠ تۆمەتبار کە ئەفسەر و کارمەندی دژەتیرۆری سلێمانین پێکدێن سەر بە تیمی چاودێرین
لە دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی و یاسر فەیسەڵ بەرپرسی تیمەکەش بەشداربووە لە کوشتنی ئەفسەرەکەی دژەتیرۆر و لە رێگەی چوار
ئۆتۆمبێلەوە لە رێکەوتی ٣ی تشرینی یەکەمەوە تاوەکو ٦ی مانگ چاودێری بەردەوامی ماڵەکەی
و هاتوچۆکانی هاوکار عەبدوڵای ئەفسەری دژەتیرۆر لە گەڕەکی سەربەستی ٣٢ پارک کردووە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە رۆژی
٧ی مانگی تشرینی دووەم لە کاتژمێر ٢:٥١ ی بەرەبەیان هەستاون بە لکاندنی بۆمبێکی چێنراو
بە بەشی ژێرەوەی ئۆتۆمبێلی تایبەتی هاوکار عەبدوڵا کە لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا بووە
و پاشان لە چاودێریکردنی بەردەوامبوون.
دەشڵێت، "دوای ئەوەی
لە کاتژمێر ١:٠٥ پاشنیوەڕۆ هاوکار عەبدوڵا لەگەڵ خێزانەکەی سواری ئۆتۆمبێلەکەی خۆی
دەبێت تۆمەتبارەن لە رێگەی کۆنتڕۆڵی تایبەت بە بۆمبەکە ئۆتۆمبێلەکەی هاوکار عەبدوڵا
دەتەقێننەوە."
باسی لەوەشکراوە، لەدوای تەقاندنەوەی
ئۆتۆمبێلی ئەفسەرەکەی دژەتیرۆر راستەوخۆ تۆمەتباران لە پارێزگای هەولێرەوە دەگەڕێنەوە
بۆ پارێزگای سلێمانی.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم
راشیگەیاند، لەسەر فەرمانی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر داوایان لە
دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی کردووە ئەو تۆمەتبارانەی بەشداربوون لە کوشتنی هاوکار عەبدوڵا
رادەستی ئەمنییەکانی هەولێر بکەن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، میدیاکانی یەکێتی باس لەوە دەکەن کەمێکی دیکە دژەتیرۆری سلێمانی روونکردنەوە لەسەر بابەتەکە بڵاودەکاتەوە.