راوێژکاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، گۆڕینی بەهای دۆلار لە ئێستادا کارێکی دروست نییە، چونکە زیان بە ئابووری و مامەڵەی دارایی وەبەرهێنەرکان دەگەیەنێت
ئیحسان شەمران راوێژکاری بانکی ناوەندی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاندووە، بانکی ناوەندی عێراق لایەنێکی سەربەخۆییە و گۆڕینی بەهای دۆلار لە رێگەی حکومەتەوە ئەنجامدەدرێت و هەتا ئێستاش هیچ هەوڵێک لەوبارەیەوە بوونی نییە.
ئاماژەی بەوەشدا، فشاری زۆر
لەلایەن خەڵکەوە لەسەر حکومەت دەکرێت لە پێناو گۆڕینی بەهای دۆلار، ئەگەر بەهای دۆلاریش
بگۆردرێت ئەوا زیان بە ئابووری و یەکڕیزی عێراق دەگات، چونکە مامەڵەی دارایی و
ئابووری پڕۆژەی وەبەرهێنەرەکانی عێراق لەسەر بەهای دۆلاری ئێستا بەرێکراوە و هەوڵدان
بۆ گۆڕینی نرخی ئەو بەهایە کارێکی راست نییە.
ئەوەشی خستەڕوو، گۆڕینی بەهای
دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٠دا کێبڕکێی کاڵا و کەلوپەلی ناوخۆیی بەرزکردەوە سەرەڕای ئەوەی زیانی
لەسەر بەکاربەر و هاوڵاتیانی عێراق هەبوو، بەڵام لە رێگەی بەرزکردنەوەی بەهای دۆلارەوە
حکومەتی عێراقی توانی مووچەی فەرمانبەران بەشێوەیەکی رێک و پێک دابەشبکات لە کاتێکدا
بودجەی عێراق بەتاڵ بوو.
ئەمەش لە دوای ئەوە دێت،
مستەفا مخیف پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، بانکی ناوەندی هیچ نیەتێکی
کەمکردنەوە و گۆڕینی بەهای دۆلاری نییە و عێراق هێشتا لە ئاستە سەرەتاییەکانی دەستکەوتی
ئەرێننیە لە گۆڕینی بەهای دۆلار و هەندێک پێوەری نەرێنی هەیە لە رێگەی هێشتنەوەی بەهای
دۆلار لەو بەهایەی ئێستا هەیەتی لە داهاتوودا چارەسەردەکرێن.