سەردێڕ:

سعوودیە: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا ستراتیجیین و بڕیارەکانی ئۆپیک پڵەسیش تەنیا ئابووریین

PM:04:54:12/10/2022

988 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی سعوودیە رایگەیاند وڵاتەکەی خاوەنی پەیوەندیی ستراتیجییە لەگەڵ ئەمریکا و بڕیارەکانی ئۆپیک پڵەسیش بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوتی خاو تەنیا ئابووریین و تەنها لەو مەودایەشدا دەمێننەوە.


فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی تەلەڤیزیۆنی ئەلعەرەبیەی سعوودیە، وەڵامی لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکای دایەوە کە باسیان لەوە کردبوو، بەهۆی بڕیارەکانی ئۆپیک پڵەسەوە سەر لەنوێ چاو بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتەکەیدا دەخشێننەوە.

وەزیری دەرەوەی سعوودیە، ئاماژەی بەوەکرد، ''بڕیارەکانی ئۆپیک پڵەس نە ئاڕاستەیەکی سیاسییان هەیە، نە لە رووی سیاسییەوە لێیان دەڕوانن، بەڵکو بڕیارەکان تەنیا ئابووریین. پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن ستراتیجیین بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە. پەیوەندییەکانی نێوان ریاز و واشنتۆن هاوکارە لە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات و سەقامگیری ناوچەکە."

وەزیری دەرەوەی سعوودیە، سەبارەت بە دانوستانەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران، باسی لەوە کرد کە هێشتا هەوڵەکان نەگەیشتوون بە ئەنجامی خوازراو و چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی شەشەمین خولی دانوستانەکان دەکرێت.

وەزیرانی وزە و نەوت لە گروپی ئۆپیک پڵەس لە پێنجی تشرینی یەکەمدا لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا کۆبوونەوە و بڕیاریاندا لە تشرینی دووەمەوە، بەرهەمی رۆژانەی نەوت، دوو ملیۆن بەرمیل کەمبکەنەوە.

لە بەرامبەر ئەو بڕیارەدا، جۆن کیربی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌ ستراتیجییه‌کانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد، جۆ بایدن سه‌رۆکی ئه‌مریکا چاو بە په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ سعوودیه‌دا ده‌خشێنێته‌وه‌.













گەلەری