PM:02:41:12/10/2022
19904 جار خوێندراوەتەوە
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، ماوەیەکە چەند دەنگۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەبارەی ئەوەی گوایە ئێران هێرشبکاتە سەر شاری سلێمانی. دەشڵێت، "هاوڵاتیان لە ناڕاستی ئەو هەواڵانە دڵنیادەکەینەوە و داواکارین نەکەونە ژێر فشاری دەروونی چەواشەکارانە."
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "ماوەیەکە، چەند سایتێک، نابەرپرسیارانە؛ لە هەوڵی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی چەواشەکارانەدان بۆ ترساندنی هاوڵاتیانی سلێمانی و دانیشتوانی گەڕەکەکانی سلێمانی، گوایە دەکەونە بەر هێرشی بۆردومانی وڵاتە دراوسێکانەوە."
ئەوەش هاتووە، "هەموو هاوڵاتیان لە ناڕاستیی ئەو هەواڵانە؛
دڵنیا دەکەینەوە و داوایان لێدەکەین نەکەونە ژێر فشاری دەروونیی چەواشەکارانەوە."
پارێزگاری سلێمانی
دەشڵێت، "سلێمانی؛ ئارامەو بەئارامیش دەمێنێتەوە، هەمیشە هاوکار و
پشتیوانی هەر کوردێک بووە و دەبێت، لە هەر شوێنێک بووبێت، ئەرکی هەموو کوردێکیشە لە
هەر شوێنێک بێت ئارامیی و سەقامگیریی و ئاسایش و ئابووریی و ژیانی سلێمانی بپارێزێت."
ئەوەش دوای ئەوە دێت،
ماوەی چەند رۆژێکە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا دەنگۆی ئەوە بڵاوکراوەتەوە، گوایە
ئێران دەیەوێت هێرشبکاتە سەر ناوەندی شاری سلێمانی.