سەردێڕ:

ئەنجامی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم راگەیاندرا

PM:01:10:12/10/2022

43604 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەنجامی وەرگرتنی خوێندکارانی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم راگەیاند و بەپێی وتەی وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم، ٦٣ هەزار و ٢١٩ کورسی خوێندن بۆ ئامساڵ تەرخانکراوە و شەش هەزار و ٤١٥ کورسی بەراورد بە ساڵی پار زیادکراوە.


باسی لەوەشکرد، ئەمساڵ ٪١٠٠ی ئەو خوێندکارانەی زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە و دەرچووی ئەمساڵ بوون ناویان هاتووەتەوە، جگە لە ٣٠٠ خوێندکار، کە شێوەی پڕکردنەوەی فۆڕمەکەیان هەڵە بووە و دەتوانن سکاڵا تۆماربکەن و دواتر ناویان دێتەوە.

بەپێی کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکەی خوێندنی باڵا، ئەمساڵ ٤٤ هەزار و ٤٠٨ داواکاری وەرگرتن پێشکەشکراوە، کە نزیکی ١٧ هەزاریان دەرچووی ساڵانی رابردوو بوون. لە کۆی پێشکەشکارانیش ٤١ هەزار و ٢٥٣ کەسیان ناویان هاتووەتەوە.


 

تۆی خوێندکار دەتوانیت کلیک لێرە بکەیت بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامەکەت


لە هەرێمی کوردستان خوێندن لە چەند قۆناغێک پێکدێت و دوای دایەنگە و باخچەی ساوایان، قۆناغی سەرەتایی دێت کە شەش قۆناغە و خوێندکار لە ماوەی شەش ساڵدا تەواوی دەکات، دواتر قۆناغی ناوەندی کە سێ ساڵە و قۆناغی ئامادەیی کە سێ ساڵە، خوێندکار دەتوانێت لە دوای قۆناغی ٩، بچێتە پەیمانگاکانی سەر بە وەزرەتی پەروەردە، یاخود خوێندنە پیشەییەکانی سەر بەو وەزارەتە.

ئەگەر خوێندکارێک هەر ١٢ قۆناغەکە تەواوبکات، ئەوا دەتوانێت فۆڕمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا پڕبکاتەوە. ساڵانە لەگەڵ تەواوبوونی ساڵی خوێندن و راگەیاندنەکانی ئەنجامەکانی پۆلی ١٢، پاش ئامادەکارییەکان زانکۆلاین؛ کە وێبسایتێکی تایبەت بە پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکانی سەر بە خوێندنی باڵایە، چالاک دەبێت و پاش پۆلێنکردنی خوێندکارەکان، لە هەمان وێبسایت ئەنجامی وەرگرتنیان رادەگەیەندرێت.
هـ.ئـ














گەلەری