سەردێڕ:

ئایا رۆژی پێنجشەممە دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەدەچێت؟

AM:08:33:12/10/2022

3480 جار خوێندراوەتەوە

دوای دیارکردنی وادەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە، عێراق لەبەردەم کەمتر ٤٨ کاتژمێری یەکلاکەرەوەدایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار هاوکات، دەنگۆی ئەوەش هەیە رۆژی پێنجشەممە نەتوانرێت دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت.


چاوەکان لەسەر رۆژی پێنجشەممەن کە کێ دەبێتە سەرۆککۆمار کە بەپێی دەستور دانیشتنەکە پێویستی بە ئامادەبونی ٢٢٠ پەرلەمانتار هەیە.

بەرهەم ساڵح لە یەکێتی و رێبەر ئەحمەد لە پارتی و رێبوار ئەوڕەحمان لە نەوەی نوێ دیارترین کاندیدی لایەنە کوردییەکانن بۆ پۆستەکە.

هەندێک لە میدیا عێراقیەکانیش بڵاویانکردووەتەوە، پێناچێت پێنج شەممە دانیشتنەکە بکرێت و ئەگەری هەیە یەکێتی و پارتی بە دوو کاندید بەشداری کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بن.

هاوکات، لەلایەکی دیکەوە هەرچەندە باس لەوەدەکرێت پارتی هەڕەشەی کشانەوەی لە پەرلەمان وپرۆسەی سیاسی کردووە ئەگەر سەرۆککۆمار بۆ ئەو نەبێت، بەڵام بەهۆی فشارە هەرێمییەکان بەتایبەت ئێران و بەرژەوەندی ئەو حزبەوە زیاتر وەک فشارێک لێکدەدرێتەوە نەک نیەتێکی راستەقینەی پارتی بۆ کشانەوە لە عێراق.

لە لایەکی دیکەشەوە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار یەکێک لە سیناریۆکان رێککەوتنی پارتی و یەکێتیە بۆ گۆڕینی بەرهەم ساڵح بە کاندیدێکی دیکەی هاوبەشی هەردوو حزب یان کاندیدەکەی پارتی، بەڵام تا ئێستا لەسەر ئەمە رێکنەکەوتوون.

سیناریۆیەکی دیکەش دووبارە بوونەوەى ئەزموونى ساڵى ٢٠١٨، کاتێک پارتی و یەکێتی بە دوو کاندید چونە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و کاندیدەکەی یەکێتی بووە سەرۆککۆمار، بەڵام ئەمجارەیان بەسێ کاندیدى هەردوو حزبەکەوە بچن کە بەرهەم ساڵح و لەتیف رەشید لە یەکێتی و رێبەری ئەحمەدیش لە پارتی.

لە ئەگەری رێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی کێبڕکێی هەڵبژاردنی پۆستەکە گەرم دەبێت و پێناچێت بە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکە کە پێویستی بە دەنگی دوو لەسەرسێی پەرلەمان واتە ٢٢٠ دەنگە هیچ کام لە کاندیدەکان ببنە سەرۆک کۆمار بۆیە لە هەموو ئەگەرەکان هەڵبژاردنەکە دەچێتە خولی دووەم.

هەرچۆنێک بێت لەژێر فشاری لایەنە عێراقییەکاندا پێناچێت زیاتر کات لەبەردەمدا مابێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار گۆڕەپانی سیاسی عێراقی بەخۆیوە سەرقاڵ کردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەی ساڵێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدراوە بەڵام تا ئێستا لایەنەکان رێکنەکەوتوون لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ.













گەلەری