سەردێڕ:

وەزارەتی دەرەوەی عێراق: لەسەر هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان شاندێک دەنێرینە ئێران

PM:11:57:11/10/2022

1312 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، عێراق شاندێک دەنێرێتە ئێران لەسەر پرسی هێرش و دەستدرێژییەکان بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.


فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی عێراق سەردانی وەزیری دەرەوەیان کردووە و پەیامی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقیان پێگەیاندووە بە مەبەستی گفتوگۆکردنی هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئێران و تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان.

هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە، چەند رێکارێکیان لەو بارەیەوە گرتووە بەر کە بریتیبوون لە بانگهێشتکردنی باڵیۆزی ئێران و پێدانی یاداشتێکی ناڕەزایی توند.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ شاندێکی ئێرانی لە ٥ی ئەم مانگە کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی دۆزینەوەی چارەسەر و کۆتاییهێنان بە پێشێلکارییە بەردەوامەکانی سەروەری عێراق.

باسی لەوەشکردووە، شاندێکی عێراقی بە سەرۆکایەتی قاسم ئەلعەرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دەچێتە تاران وەک بەشێک لە بەردەوامبوونی دانوستانەکان لەو باریەوە.

فواد حسێن وتوشیەتی، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگای کۆنکرێتی دابڕێژێت و کۆتایی بە هەموو ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە بهێنێت کە زۆرجار لەسەر خاکی عێراق روودەدەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا سوپای پاسدارانی ئێران بە موشەک هێرشی کردە سەر بارەگای پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران و بەهۆیەوە چەند کەسێک شەهید و بینداربوون.













گەلەری