سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، یەكێتی و پارتی نزیكن لە رێككەوتن و گفتوگۆكان بە ئاراستەیەكی باشدا رۆیشتوون.
هەرێم کەمال ئاغا، لە لێدوانێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەشکرد، مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە رابردوودا دانیشتوون و تیمێكیان پێكهێناوە، كۆبوونەوەكان و ئەم تیمەش قۆناغی باشی بڕیوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی باسی لەوەشکرد، تا ئێستا یەکێتی و پارتی كاندیدی
خۆیان بۆ سەرۆك كۆمارهەیە، بەڵام هەردوولا نزیكن لە رێككەوتن و گفتوگۆكان بە ئاڕاستەیەكی
باشدا رۆیشتوون، چاوەڕوان دەكرێت سەركەوتووبێت.
هاوکات، ڤیان دەخیل وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەکرد،
لەگەڵ یەکێتی گەشتوونەتە قۆناغی کۆتایی ڕێککەوتن بۆ یەکلایکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەکانی رابردوودا پارتی و یەکێتی، چەند کۆبوونەوەیەکیان
لە ئاستی باڵا ئەنجامداوە، بۆ ئەنجامدانی رێککەوتن لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆککۆمار،
بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوون بە رێککەوتن و هیچ کامیان کاندیدی خۆیان بۆ پۆستەکە نەکێشاوەتەوە.