سەردێڕ:

هاتووچۆی سلێمانی مەرجەکانی وەرگرتنی نۆرەی بۆ بەشی مۆڵەت گۆڕی

PM:03:31:12/09/2026

4348 جار خوێندراوەتەوە

هاتووچۆی سلێمانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وەرگرتنی کۆدی سەردانیکردن، مەرج و ڕێکارێکی نوێی بۆ هاوڵاتییان ڕاگەیاند و جەخت دەکاتەوە کە لە کاتی پڕکردنەوەی فۆڕمدا دەبێت زانیاری و وێنەی دروستی کەسەکە دابنرێت، بەپێچەوانەوە مامەڵەکانیان ڕایی ناکرێت.


ئەمڕۆ شەممە ١٢ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی لە ئاگادارییەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی ئەو لۆد و پەستانە زۆرەی لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر ماڵپەڕەکەیان بووە، زۆرێک لە هاوڵاتییان نەیانتوانیوە کۆدی سەردانیکردن بۆ بەشی مۆڵەت وەربگرن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش، بڕیاردراوە لەمڕۆوە سیستەمێکی نوێ پەیڕەو بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و دەستەبەرکردنی یەکسانی بۆ سەرجەم هاوڵاتییان.

بەپێی ڕێکارە نوێیەکان، پێویستە هاووڵاتی لە کاتی پڕکردنەوەی خشتەی وەرگرتنی کۆددا، ناوی سیانیی دروست، ژمارەی تەلەفۆنی کەسی داواکار و وێنەی ڕاستەوخۆی ڕووخساری خۆی تۆمار بکات، هاوکات بەکارهێنانی ئیمۆجی یان وێنەگرتنەوەی شاشە بە تەواوی قەدەغە کراوە و قبوڵ ناکرێت.

هۆشداریش دراوە کە لە کاتی سەردانیکردندا و لە ڕێگەی ئامێری (QR Scanner)ەوە پشکنین بۆ زانیارییەکان دەکرێت، ئەگەر هەر زانیارییەک ساختە بێت و لە سیستەمەکەدا نەبێت، مامەڵەی کەسەکە لە بەشی مۆڵەت ڕایی ناکرێت.

لە بەشێکی دیکەی ئاگادارییەکەدا ڕوون کراوەتەوە، کۆدی نۆرەگرتن بۆ دەوامی بەیانیان لە ڕۆژانی یەکشەممە تا پێنجشەممە بەردەستە، لەکاتێکدا بۆ دەوامی ئێواران تەنها لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەدا دەبێت.













گەلەری