سەردێڕ:

عومان دواخستنی کۆبوونەوەی شاری سەڵاڵەی لەبارەی گەرووی هورمزەوە راگەیاند

PM:11:19:13/09/2026

764 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی داوای چەند وڵاتێکی ناوچەکە و بە مەبەستی رەخساندنی زەمینەی گونجاوتر بۆ دیالۆگ، عومان دواخستنی کۆبوونەوەی شاری سەڵاڵەی راگەیاند، کە بڕیار بوو بە بەشداریی هەشت وڵاتی کەناراوەکانی کەنداو و دەریای عومان بەڕێوەبچێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان دواخستنی کۆبوونەوەی شاری سەڵاڵەی راگەیاند، کە بۆ دروستکردنی چوارچێوەیەکی ئاسایشی هەرێمی و تاوتوێکردنی مەلەفی گەرووی هورمز رێکخرابوو، دوای ئەوەی بەحرێن بایکۆتی کرد و چەند وڵاتێکیش داوای دواخستنیان کرد.

وەزیری دەرەوەی عومان رایگەیاند، کۆبوونەوەی هەرێمیی سەڵاڵە کە بڕیار بوو بە بەشداریی عومان، ئێران، عێراق و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو بەڕێوەبچێت، بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە تاوەکو زەمینەیەکی گونجاوتر بۆ دیالۆگ بەدیبهێنرێت.

لای خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە، ئەمە بڕیارێکی هاوبەشی تاران و مەسقەت بووە، ئاماژەی بەوەش کرد.

بڕیاری دواخستنی کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات، بەحرێن بەهۆی ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ ئێران بایکۆتی کۆبوونەوەکەی کرد، لەکاتێکدا عێراق پشتیوانیی خۆی دەربڕیبوو.

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی ئێرانیش جەختی کردەوە کە دواخستنی کۆبوونەوەکە بە بڕیاری هاوبەشی تاران و مەسقەت و لەسەر داوای بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە بووە.

سەبارەت بە گەرووی هورمزیش، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لێکتێگەیشتنەکانی لەگەڵ عومان بە مانای راستەوخۆی کردنەوەی گەرووی هورمز نایەت، ئەوەش لەکاتێکدایە کە چاوگەکان باس لە پێشنیازێکی عومان دەکەن بۆ دابینکردنی ئاسایشی کەشتیوانی بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە.













گەلەری