میدیایی ئەمریکا بۆ یەكەمجار دیمەنی ڕزگاركردنی ئەو دوو فڕۆکەوانەیان بڵاوکردەوە كە فڕۆكەكەیان لە ناو خاكی ئێران خرابووە خوارەوە، لە ئۆپراسیۆنێكدا كە ٩٠ سەربازی تایبەت و ٢١ فڕۆكە تێیدا بەشدار بوون، توانرا ئەفسەرەكان لە ناوچە شاخاوییەكانی ئەسفەهان ڕزگار بكرێن و بگەڕێندرێنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی تۆڕی "سی بی ئێس نیوز"، واشنتن نهێنیی ڕزگاركردنی دوو فڕۆكەوانی بە ناوی "ئەلفا" و "برافۆ" ئاشكرادەكات كە لە ناوچەیەكی شاخاویی باشووری ئەسفەهان گیریان خواردبوو، فڕۆكەوانەكان دوای خستنەخوارەوەی فڕۆكەكەیان بە پەڕەشوت باز دابوون و پێنج میل لە یەكترەوە دوور بوون.
هێزە
ئێرانییەكان بە چڕی بەدوایاندا دەگەڕان و خەڵاتیان بۆ دۆزینەوەیان دیاری كردبوو،
بەڵام هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا توانییان "ئەلفا" تەنها دوای هەشت
كاتژمێر لە ڕێگەی ئۆپراسیۆنێكی ئاسمانیی مەترسیدارەوە ڕزگار بكەن.
سەبارەت
بە فڕۆكەوانی دووەم "برافۆ" كە ئەفسەری سیستەمی چەك بوو، پڕۆسەی
ڕزگاركردنی دوو ڕۆژی خایاند چونكە بەهۆی تێكچوونی پەڕەشوتەكەیەوە بە سەختی بریندار
ببوو و پشتی شكابوو، ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (CIA) تەكنەلۆژیای پێشكەوتوی بۆ دیاریكردنی
شوێنەكەی بەكار هێنا.
سەرەڕای
برینەكانی، برافۆ توانیبووی بەرەو لوتكەی كێوێك بە بەرزیی نزیكەی حەوت هەزار پێ
سەركەوێت تاوەكو تیمی ڕزگاركردن دەگەنە لای، لە كۆتاییدا دوو سەربازی تیمی
پەڕەشوتەوانی توانییان بیخەنە ناو كۆپتەرێكی سەربازی و لە ناو خاكی ئێران دەری
بهێنن.
دان
كین، سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی ئەمریكا ڕایگەیاند، "ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی
ڕزگاركردن لە ناو جەرگەی دوژمن و لە كاتی ڕۆژدا كارێكی زۆر مەترسیدار بوو، بەڵام
نزیكبوونەوەی هێزە ئێرانییەكان لە فڕۆكەوانەكان وای كرد كە بڕیاری خێرا بدەین بۆ
پاراستنی ژیانی ئەفسەرەكانمان پێش ئەوەی بكەونە دەست دوژمن".