سەردێڕ:

چوارچێوەی هەماهەنگی و پارتی لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە لێدوانی نوێ دەدەن

PM:03:07:26/07/2022

10380 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، چاوەڕێی لایەنە کوردییەکان ناکەن و واژۆ کۆدەکەنەوە تا پەرلەمان ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو دانیشتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بکات. پارتیش دەڵێت، "باشترین شێواز ئەوەیە پەرلەمانی کوردستان کاندیدی سەرۆک کۆمار یەکلایی بکاتەوە".


ئەمڕۆ سێشەممە، مەهدی تەقی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی چوارچێوەی هەماهەنگی بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، "چاوەڕێی لایەنە کوردییەکان ناکەین و واژۆ کۆدەکەینەوە تا پەرلەمان ئەم هەفتەیە یان سەرەتای حەفتەی داهاتوو دانیشتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بکات".

ئاماژەی بەوەشدا، هەوڵێکی پەرلەمانتاران هەیە بە مەبەستی خێراکردنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.

ئەوەشی خستەڕوو، ناکرێت پەرلەمان دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجامنەدات بەهۆی ناکۆکی لایەنە کوردییەکانەوە.

مەهدی تەقیباسی لەوەشکرد، پەرلەمانتاران واژۆ کۆدەکەنەوە تا دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لەم هەفتەیەدا یان سەرەتای هەفتەی ئایندە ئەنجامبدرێت.

هەروەها، لەلایەن خۆیەوە، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی دەستنیشانکردنی کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا، باشترین شێواز ئەوەیە پەرلەمانی کوردستان کاندیدی سەرۆک کۆمار یەکلایی بکاتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، زیاتر لە ١٠ مانگە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجمادراوە و بەهۆی ناکۆکی لایەن سیاسییەکان و شکستهێنانی پەرلەمان لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و کشانەوەی فراکسیۆنی سەدر تا ئێستا نەتوانراوە حکومەتی نوێی عێراق پێکبهێنرێت. لە چەند رۆژی رابردوودا چوارچێوەی هەماهەنگی "محەمەد شیاع سودانی" بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دەستنیشانکرد و تا ئێستاش سەدر هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئەم هەنگاوەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرا نەکردووە.













گەلەری