سەردێڕ:

هەڵوێستی سەدر لەسەر کاندیدە نوێیەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی چییە؟

AM:10:21:26/07/2022

14868 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ چوارچێوەی هەماهەنگی بەفەرمی محەمەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندیدکرد. ئەوەی دەبێتە پرسیار ئەوەیە ئایا سەدر بەو کاندیدە رازی دەبێت؟


دوێنێ دووشەممە چوارچێوەی هەماهەنگی لەدوای هەشت مانگ لە مشتومڕ لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا، محەمەد شیاع سودانی تەمەن ٥٢ ساڵی بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی نوێ دەستنیشان کرد.

دەستنیشان کردنی سودانی دوای ئەوەهات "هاوپەیمانێتی رزگارکردنی نیشتیمانی" (سەدر، پارتی، سوننەکان) شکستی خوارد لە پێکهێنانی حکومەتی "زۆرینەی نیشتیمانی".

چوارچێوەی هەماهەنگی دوای ئەوەی لە نێوان "قاسم ئەعرەجی" و "محەمەد شیاع سودانی" دا، کەسایەتی دووەمی هەڵبژارد بۆ وەرگرتنی پۆسەتی سەرۆک وەزیران، دەزانێت کە ئەگەر موقتەدا سەدر پێی رازی نەبێت، لە پەرلەمانیش متمانە وەربگرێت شەقام متمانەی ناداتێ و تەمەنی حکومەتەکەی درێژ نابێت.

سودانی کە پێشتر وەزارەتەکانی کاروباری کۆمەڵایەتی، بازرگانی، مافی مرۆڤی بەدەستەوە بووە و ماوەیەکیش پارێزگاری میسان بووە، لە خێزانێکی ناوداری عێراقیە و ئەو وەزارەتانەی کاری تێداکردوون هیچ گومانێکی گەندەڵی گەورەی لەسەر نەبووە. هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە کەسێکی دڵسۆز و نیشتیمانپەروەر وەسفی دەکات.

لەبەرامبەردا، هەندێک پێیان وایە سودانی کەسێکی لاوازە و ناتوانێت سەرکردایەتی ئەم قۆناغەی عێراق بکات. بەڵکو پێدەچێت حکومەتەکەی لە پشت پەردەوە بۆی بەڕێوەبەرن. هەروەکچۆن "ئەبو جیهاد هاشمی" بەرپرسی ئۆفیسەکەی "عادل عەبدولمەهدی" بە سەرۆک وەزیرانی راستەقینەی عێراق هەژمار دەکرا.

هەرچەندە تا ئێستا هەڵوێستی سەدر روونییە بەرامبەر کاندیدکردنی سودانی، چونکە چاوەڕێ دەکات تا بزانێت چ میکانیزمێک دەگرێتەبەر بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەی.

چەند چاوگێکی سیاسی بە میدیا عێراقییەکانیان راگەیاندووە، سودانی پێش چەند رۆژێک لەگەڵ بەرپرسانی باڵای رەوتی سەدر کۆبووەتەوە و گەرەنتی وەرگرتووە بەوەی کەوا لەمپەر نەخەنە بەردم کاندیدکردنی بۆ پۆسەتی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق.

شێخ محەمەد عەبودی کە یەکێکە لە سەرکردەکانی رەوتی سەدر، لە پەیامێکیدا لە فەیسبووک بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ ناڕازیبوونی خۆی دەربڕیووە لە کاندیدکردنی سودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.

هەروەها، محەمەد ساڵح عێراقی کە بە وەزیرە نزیکەکەی سەدر هەژمار دەکرێت، وێنەیەکی تەنزئامێزی لە تویتەر بڵاوکردووەتەوە و نوسیوویەتی، "سودانی تەوقە لەگەڵ سێبەرکەی خۆیدا دەکات".













گەلەری