سەردێڕ:

شاندێکی باڵای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان گەیشتە زاخۆ

AM:09:17:26/07/2022

4928 جار خوێندراوەتەوە

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، شاندێکی باڵا بە سەرۆکایەتی جێگری فەرمادەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان بەیانی ئەمڕۆ گەیشتووەتە قەزای زاخۆ بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی گوندی پەرخێ.


ئەمڕۆ سێشەممە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، شاندێکی باڵای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان بە سەرۆکایەتی عەبدولئەمیر شەمری جێگری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان بە یاوەری قەیس حەمداوی سەرۆکی ئەرکانی سوپا بۆ ئۆپراسیۆنەکان و فەرماندەی پاسەوانی سنور گەیشتنە قەزای زاخۆ.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئامانج لە سەردانەکە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواچوونی هێرشەکانی سەر گوندی پەرخێیە کە بەهۆیەوە نۆ گەشتیاری ناوچەکانی ناوەڕاست و باشور کوژران و ٢٣ گەشتیاری دیکە برینداربوون.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە تۆپبارانی گوندی پەرەخێ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆکرا و دواتریش فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند هێرشەکە لەلایەن تورکیاوە کراوە و بەرپرسانی عێراق لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەند بڕیارێکیان لەبارەی هێرشەکەوە دەرکرد و سکاڵایان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تۆمار کردووە.

هاوکات، پەرلەمانی عێراق تەواوی ئەو هاوڵاتییانەی لەلایەن تورکیاوە کوژراون وەک شەهید لەقەڵەمیدان و باڵوێزی عێراق لە تورکیا بانگهێشت کرایەوە و باڵوێزی تورکیاش لە بەغدا داوای لێکرا بچێتەوە وڵاتەکەی خۆی.

شەوی رابردوو، ئاژانسی هەواڵی عێراق بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی هێرشەکەی بۆ سەر پارێزگای دهۆک دەکات و دەشڵێت، "پشتیوانی سەربەخۆی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکەین."

ئەنجومەنی ئاسایش ئاماژەی بەوەشکردووە له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی هێرشه‌كه‌دا پشتیوانی له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق دەکەن و داواش له‌ هه‌موو وڵاتانی ئه‌ندام دەکەن هاوكاری حكومه‌تی عێراق بكه‌ن بۆ پاڵپشتی له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان.

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦ی تەمووز، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی دانیشتنێکی بەپەلە ئەنجامدەدات لەبارەی هێرش و دستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق لەسەر داوای حکومەتی عێراق.

لەلایەن خۆشییەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ یەکێک لە میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئەوان لە پشتی هێرشەکانی زاخۆوە نەبوون و کاری ئەوان نییە و پەکەکەی بە ئەنجامدانی کارەکە تۆمەتبار کرد.

وتیشی، "بە ئەمریکا و روسیا و عێراقییەکانمان وتووە با نەکەوینە ئەو یارییەوە و راشیگەیاند پێویستە بەرپرسانی عێراق بە دیقەت بن لە باسکردن و ناوهێنانی تورکیا و پێشتریش هێزەکانی پاراستی گەل باڵی سەربازی پەکەکە رەتیکردەوە ئەوان هێرشەکەیان ئەنجامدابێت".

 













گەلەری