PM:11:51:24/03/2026
88 جار خوێندراوەتەوە
+
-
یەکێتیی هاندەرانی ئەوروپا سکاڵای لە فیفا
تۆمارکردووە و پێیوایە چەواشەکاری کردووە و نرخی بلیتەکانی مۆندیال زۆر بەرزن.
یەکێتیی هاندەرانی تۆپی پێ لە ئەوروپا سکاڵایەکی
فەرمی دژی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ تۆمار کرد بەهۆی گرانیی نرخی بلیتەکانی
مۆندیالی داهاتوو و بەپێی هەواڵێکی تۆڕی بی بی سی هاندەرانی ئەوروپا فیفایان
تۆمەتبار کردووە بەوەی پێگەی خۆی قۆرخ کردووە بۆ سەپاندنی نرخێکی زۆر و ناڕەوا
بەسەر هاندەراندا بۆ ئەو پاڵەوانێتییەی بڕیارە لە 11ی حوزەیران دەست پێ بکات.
هەرچەندە
فیفا لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا بڕێکی دیاریکراو بلیتی بە نرخی 60 دۆلار
بۆ سەرجەم 104 یارییەکە خستە ڕوو بەڵام هاندەران پێیان وایە ئەمە تەنیا بۆ
چەواشەکاری بووە و داوایان کردووە سیستەمی نرخی گۆڕاو کە بەپێی خواست باز دەدات
ڕابگیرێت و شەفافیەت لە دیاریکردنی شوێنی دانیشتن و جۆری بلیتەکاندا هەبێت.
لە لایەکی ترەوە رێکخراوی یۆرۆ کۆنسۆمەرز و
یەکێتیی هاندەران لە سکاڵاکەیاندا بۆ کۆمسیۆنی ئەوروپا ئاماژەیان بەوە کردووە کە فیفا
شەش سەرپێچی یاسایی ئەنجامداوە و لەوانەش بڵاوکردنەوەی ڕیکلامی چەواشەکارانە
سەبارەت بە بلیتی هەرزان کە لە ڕاستیدا دەستکەوتنیان مەحاڵە.
ڕۆنان ئیڤین بەڕێوەبەری یەکێتیی هاندەرانی
ئەوروپا ڕایگەیاندووە کە ئەوان ناچار بوون پەنا بۆ ڕێکاری یاسایی بەرن چونکە فیفا ئامادە
نییە گفتوگۆیەکی ڕاستەقینە بکات و بە بەکارهێنانی قۆرخکاری لە بازاڕدا هاندەرانی
دڵسۆزی خستووەتە بەردەم دوو بژاردەی سەخت کە یان دەبێت پارەیەکی خەیاڵی بدەن یان
بینینی یارییەکانی مۆندیال لەدەست بدەن.